ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١١/٢، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد.

لە دیدارێکی نێوانیاندا باسی چەند پرسێکی سیاسی ھەنووکەیی و ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، شیکردنەوەیەکی وردی لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و پەیوەندیی نێوان دامەزراوە دەستوورییەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو، ھاوکات گرنگی و بایەخی ئەو یاسایانەی کە لە پەرلەمانی کوردستاندا دەرچوون بۆ پارێزگاریکردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری، مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە گشتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و منداڵ ڕوونکردەوە.

پاشان گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ پێشوازیلێکردنیان، ھاوکات ئاڵوگۆڕیی بیروڕای خۆی بۆ ئەو پرسانەی کە باسکران لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تاووتوێ کرد.

ھەر لە دیدارەکەدا، ھەردوولا جەختیان لەسەر گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.