رەنج پشدەری رۆژنامەنووس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بە دوو کاتی جیا، دوو کۆچبەر بە مەلە خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی یۆنان و بە زیندوویی رزگارکراون. دواتریش دوو کۆچبەری کوردی رۆژھەڵاتی کوردستان نامەیەکی دەنگییان ناردووە و دەڵێن سەلامەتن.  تائێستاش ١٣ کۆچبەر رزگارکراون کە خەڵکی ئەفغانستان و میسر و ئێرانن و رۆژھەڵاتی کوردستانن.

ئەو یەختەی کۆچبەران کە بە ٧٠ سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت، ماوەی دوو رۆژ بوو لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوو بەرەوە یۆنان، دواتر لە نزیگ دوورگەی کاریستۆس گیریخواردووە و کۆچبەرەکانیش داوای بەھاناوەچوونیان کردووە، بەڵام یەختەکەیان وەرگەڕاوە، زۆرینەی سەرنشینانی یەختەکە ژن و منداڵن و بەپێی زانیارییەکانیش لە کۆی ھەشت ھاووڵاتی کورد شەشیان بێسەروشوێنن.

باوکی یەکێک لە کۆچبەرە کوردەکانیش بە کوردسات نیوزی وت، نازانن کوڕەکەیان لە ژیاندا ماوە یاخود گیراوە، وتیشی قاچاغچی پێی وتبوون یەختەکە ٢٠ مەترە، بەڵام ١٠ مەتر بووە و ٧٠ سەرنشینی تێدا بووە.