دەقی روونکردنەوەکە:

روونکردنەوەیەک لەمەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەبارەت بە بوختاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رونکردنەوەیەکی چەواشەکارانەدا وەڵامی لێدوانە ڕاست و ڕەواکانی ھەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی داوەتەوەو زۆر بە پەلەپروزێ کەوتۆتە شێواندنی زەقی راستییەکان و تێکەڵکردنی کاغەزەکان بە جۆرێ نەک ھەر ھاوڵاتیانی کوردستان، بەڵکو خودی پارتییەکانیش، بڕوای پێناکەن.
لە رونکردنەوەکەدا گوایە باس لە پەراوێزخستنی حزبیی دەکەن، لە کاتێکدا یەکێتیی بەوە دەناسرێتەوە ھەمیشە سەرکردە و تێکۆشەر و خەباتگێرەکانی پێشڕەو و سەرمەشقن لە سەنگەری بەرگری لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و یەکێتیەکەیاندا.
رونکردنەوەکە تۆمەتی دواخستنی ھەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی یەکێتیی، خەڵکی کوردستان زۆر لەوە وشیارترن باوەڕ بە بوختانی وا بکەن. ڕاستێکەی ئەوەیە کە پارتی دەیویست بەو یاسا کۆنەی ھەڵبژاردن و تۆمارە پر خەوشەی دەنگدەران، بەبێ ھەموارکردنەوەیەکی گونجاو، بچینە ناو پرۆسەیەکی شێواوی ھەڵبژاردنەوە، کە تەنھا و تەنھا لەبەرژەوەندی پارتی و تەزویرە ئاشکرا و چەندبارە بووەکانیدایە.
 ئاخر ھەڵبژاردن لە بنچینەدا بۆ گۆڕانکاری سیاسیی و دیموکراسی ڕاستەقینە دەکرێت. کە ئەو ئامانجانە بەدینەھێنێت، ئەوا وەک تەسدیقکرنی بەرنامە تەزویرەکەیانە کە ئێستا بۆتە فەرھەنگێک نەک لە دژی فرەحزبی کوردستان، بەڵکو لە دژی خودی کۆنگرەی پارتی و ئەندامەکانیشی تەشەنەی سەندووە.
بەشێکی بەلاغەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی فرمێسکی تیمساحی بۆ ئایندەی ھەرێم ھەڵدەرێژێ و لە بیری دەباتەوە کە ئەوە پارتییە ھەمیشە ئامادە بووە و ئامادەیە ھەموو ھەرێم و ئەزموونەکەمان بکاتە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و ئیمارەتێکی بەر تەسک بۆ مانەوەیان تا شتێک نەمێنێ بە ناوی ھەرێم و حکومەت و ئیدارەی کوردستانییەوە، پیلان و کەینوبەینە ئیقلیمییەکانیان شاھیدی ئەوەن و لە ھەر تەنگژەیەکی سیاسیشدا ویستی ھەڕەشە ئامێزی ماڵجیایی ھەمیشە بەشێک بووە لە پەیامی ئاشکرا و نھێنییان.
ئەم ڕاستییە ئاشکرایانە بە دەلەسەی گوایە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی داناپۆشرێت، چونکە ناوخۆی پارتی و گرژی نێوان باڵەکانی وا زەقەکە کە ئێستا بۆتە مەترسی سەرباری ئەو مەترسییانەی پارتی بۆ کوردستانی دروستکردووە.
رونکردنەوەی بوختانئامێزی مەکتەبی سیاسیی پارتی باس لە ترسی دۆرانی ھەڵبژاردن دەکات کە پارتی دەمێکە بەھای دیموکراسی لە ھەڵبژاردنەکان دۆراندووە و ئەوە تەنھا تەزویر و چاوسورکردنەوەیە ئەوانی لە گۆڕەپانی زۆرینەی ساختەی حوکمڕانیدا ھێشتۆتەوە.ھەروەھا ئەوە پارتییە دوو چەمکی (مونافەسە و دوژمنایەتی) تێکەڵ کردووە، چونکە ھەر حزب و لایەنێک نەچێتە ژێر رکێفی وەھمی حزبی قائیدەوە و مل بۆ خۆسەپاندنەکەیان نەدات بەدوژمنیان زانیووە و بە داتاشینی سینارێوی دەستکردی موخابەراتی و تەشھیری میدیایی تەخوینی دەکەن.
مەکتەبی سیاسی پارتی بە لوتبەرزییەوە دەڵێ: (ئێمە لەوە گەورەترین بچینە لای کەسی دیکە و گلەیی بکەین) ئەمەش ھەمان فەرھەنگی عینادی و حیساب نەکردنە کە راوێژ و بیروڕا گۆڕینەوەی نێوان ھێزەکانی کوردستانیشی پێ عەیبەیە، پێچەوانەی یەکێتی کە بۆ ھەر ھەنگاوێک بڕوای  بە تەگبیر و  راوێژ ھەبووەو خۆی بە دوور گرتووە لە تاکڕەوی و خۆسەپێنی. راوێژی یەکێتی لەگەڵ ھاوبەشەکانی ئەزموونی کوردستان بۆ سوڵح و شەفاعەت نەبووە لەگەڵ پارتیدا، بەڵکو بۆ خستنە رووی نیگەرانییەکانی ھەمووان بووە لە ئەدای خراپی حوکمڕانی و تاکڕەوی پارتی تا ھەموولایەک لە ھەر ھەڵوێستێکی یەکێتیی ئاگاداربن، ئەگەر کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان خراپە ئەی بۆچی دوای سەردانەکانی وەفدی یەکێتیی، تەنگەتاو بوون و گوایە (وەفدی حکومیان) پێکھێنا و لە دەرگای لایەنەکانیان دا؟.
بوختاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی باس لە کەیسی تیرۆرکردنی شەھید (ھاوکار جاف) دەکات، گوایە پێشوەختە ئاگاداری کردەوەکە بوون ئەی بۆچی ھەوڵتان نەدا رێی لێ بگرن و فرمێسک و خوێنێک بۆ گەلەکەمان بگێرنەوە؟ یان ئەوە دەسەلمێنن کە رەنگە ھەر خۆتان  و کەسانی راکردوو لە یاسا کە داڵدەتان داون،  بەرپرسن لەو رووداوە؟!، خۆ ئەگەر باسی تۆماری تیرۆر بکەین ئەوا پەرێزی مێژوویی پارتی قەت پاک نابێتەوە و تاوانەکان لە ژماردن نایەن، کە تازەترینییان شەھید کردنی کارمەندێکی ئاسایش بوو لە چەمچەماڵ و لێدان و دەستدرێژی بۆ سەر کەسانی تر لەسنووری دەسەڵاتی یەکێتیدا، ئەدی بۆچی ئەو دۆسێیانە دیزە بەدەرخۆنە کران و تاوانبارەکانتان لای خۆتان گلداوەتەوە و موعەزز موکەرەمن لە پایتەخت دەژین.
روونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت دوای داواکردنی چەند کەسێک لە لایەن دادگاوە گوایە ھێرشی یەکێتی بۆ سەر پارتی دەست پێکردووە لەکاتێکدا قەرار بوو لیژنەی ھاوبەشی لێکۆڵینەوە لە ھەر کەیسێکی گوماناوی بکەن نەک ھەر خۆیان ئیستفراد بە دادگا و لێکۆڵینەوە بکەن و سیناریۆ دا بتاشن و مۆری دادگای لێبدەن.
 دوا قسەمان دەڵێین ، لە پێناو پەرژەوەندی گشتیدا، ئەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بووە کە ھەمیشە نەرمی نواندووەو لەزۆر مافی خۆمان خۆشبووین، بەڵام ناکرێ تا سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاکاری و ئابڵوقەی دوژمنکارانە بەرامبەر خەڵکی ناوچەکانی ئەم دیو دێگەڵە (بگرە تەواوی دۆخی دژواری کوردستان) کە تا ئێستا سنورێکی دروستکراوی ھەڵبەستنی رق و کینەی ناختانە,

ھیوامان وایە سەرئەنجام تای دەمارگیری ، بوغزو کینە ، واھیمەی (حزبی قائید) و تەخوینی بیروڕای جیاواز بەرتان بدات و لە کۆنگرەی سبەینێتاندا سیاسەتێکی نوێی کوردانە و دەربەستی سیاسی بگرنە بەر و بڕیاری نیشتمانی ئەوتۆ بدەن کە زەرەری تا ئێستا زۆر و زەبەنەتان، لە نیوەی بگێرێتەوە.


مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
٢-١١-٢٠٢٢