پارێزەرانی سزادراوانی بادینان ناڕەزایی بەرامبەر بڕیاری لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی ھەرێم دەردەبڕن
ئاکار
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی سزادراوانی بادینان راگەیەندراوێکیان لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکی ھەرێم بڵاوکردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، چاوەڕوانبوون لێخۆشبوونەکە زیندانیانی سیاسیش بگرێتەوە لە ناویاندا سزادراوانی بادینان کە بە ناحەق گیراون و سزادراون، بەڵام لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی ھەرێم تایبەتە و زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوە.
بەپێی ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئەوانەی لێخۆشبوونیان بۆ دەرچووە مەترسی نین بۆ سەر کۆمەڵگا، تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی سزادراوانی بادینان دەڵێن، دیارە بە تێڕوانین و تێگەیشتنی سەرۆکی ھەرێم ئەوانەی کە لێخۆشبوونیان بۆ دەرنەچووە مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگا.
ئەو بڕیارەی سەرۆکی ھەرێم لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسا زیندانیانی بادینان بڕیاری (ئازادبوونی مەرجدار) دەیانگرێتەوە، بەڵام بەھۆکاری سیاسی و دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکانی ھەولێر تائێستا رێگە نەدراوە ئازادبکرێن و بە وتەی پارێزەرەکانیان لە چاکسازی گەورانی ھەولێریش رێکاری توندتریان بەرامبەر گیراوەتەبەر.