لە ماوەی چوار رۆژدا ١٦ خۆپیشاندەر لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کوژراون
لاڤە
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەو ١٦ کەسە لە ماوەی چوار رۆژدا کوژراون و شەشیان لە مھاباد و پێنج لە سنە و سێ کەس لە بانە و لە ھەریەکە لە شارەکانی قەسری شیرین و پیرانشاریش خۆپیشاندەرێک کوژراون.
لە نێو کوژراوەکاندا، سیانیان ژنن و سیانیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوەن، ھەروەھا ھاووڵاتییەکی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش کە بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی یەکێک لە کوژراوانی بانە چووبووە ئەو شارە، بەتەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.
بە پێی راپۆرتەکەی ھەنگاو، ٨٨%ی ئەو کوژراوانە بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.
نزیکەی ٥٠ رۆژە خۆپیشاندان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی رۆژھەڵات و ئێران بەردەوامە و بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش، لە خۆپیشاندانەکاندا تائێستا لانیکەم ٢٨٣ کەس گیانیانلەدەستداوە کە ٤٤یان مێردمنداڵن و زیاتر لە ١٤ ھەزار کەسیش دەستگیرکراون و ژمارەیەکی زۆریش بێسەروشوێنن.