لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە سەرۆک و ئەندامانی لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان ئامادەیبوون، بەبایەخەوە باسی درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزەکانی سوپای ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا، کە لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە بڕیاری لێدرا.

د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "سوپاسی گەل و وڵاتی ئەڵمانیا دەکەین بۆ ھاوکارییە تەکنیکی و لۆجستییەکانیان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا، گەلی ئێمە بە ئەمەک و وەفادارە بەرامبەر ئەو دۆستانەی کە لە دۆخە ناخۆشەکاندا لەگەڵماندا بوون، ئێمە بەنوێنەرایەتیی ئەو گەلە سوپاستان دەکەین".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا، سەرۆکی پەرلەمان تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە، بواری تەندروستی و دروستکردنی دەزگای چاککردنەوەی چەک و ئۆتۆمبێل. 

سەبارەت بە دۆخی ژینگە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر ڕەوشی کەش و ھەوا لە کوردستان و ناوچەکەدا بە گشتیی، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەو یاسا گرنگانە کرد کە لەم خولەی پەرلەماندا دەرچوون، یان ھەموارکراونەتەوە لەپێناو پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و پاکڕاگرتنی ژینگە و کەش و ھەوا.

لای خۆیانەوە شاندی میوان وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعشدا، سەرسامیی خۆیشیان نیشاندا بەرامبەر ئەو پێشکەوتنە بەرچاوانەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان لەسەر گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا کردەوە لەسەر ئاستە جیاوازەکاندا، بە تایبەت پەیوەندی و ھاوئاھەنگیی پەرلەمانی.