وەزارەتی گواستنەوە: نابێت راستەوخۆ سەیری خۆرگیران بکرێت
کوردسات نیوز
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە زاری زانایان و شارەزایانەوە بڵاویکردەوە، بینینی خۆرگیران دەبێتە ھۆی لەدەستدانی بینینی ھەمیشەیی و زیانەکان بە خێرایی روودەدات بەبێ ھەستکردن بە ئازار.
راشیگەیاند، لەدەستدانی بینین تا دوای خۆرگیران روونادات و ھیچ چارەسەرێک نییە و مەترسی لەسەر منداڵان ھەیە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەشڵێت، سەلامەتترین تەکنیک بۆ بینینی خۆرگیران بینینی ناڕاستەوخۆیە، وەک سەیرکردنی وێنەیەکی خۆرگیران لە تیڤی یان ئۆنلاین یان پەخشی راستەوخۆی کەناڵەکان.
ھۆشداریش دراوە لەوەی، چاوی منداڵان ناسکە و رووناکی زیاتر دەگوازنەوە بۆ تۆڕی چاو، ئەمەش وادەکات چاوی منداڵان زیاتر تووشی زیان ببێت بەھۆی رووناکی توندەوە.
سەبارەت بە بەکارھێنانی چاویلکەیەک کە بە ناوی "چاویلکەی خۆرگیران" دەخرێتە بازاڕەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاندووە، بەکارھێنانی سەلامەتی ئەو چاویلکانە پشت بە توانای فلتەرکردنی عەدەسەکان و دیزاینی چوارچێوەکان دەبەستێت.