د. ھێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ساڵانە بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان و داماڵینی چەک لە دەستی کەس و گروپەکان و گەڕاندنەوەی بۆ دەوڵەت، ھەڵمەتی داماڵینی چەک بەڕێوەدەچێت. 

روونیشیکردەوە، ئەمساڵ لە رۆژی ٢٤ تا ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ھەڵمەتەکە لە ھەرێمی کوردستان و وڵاتان بەڕێوەدەچێت و ھێزە ئەمنییەکان دەستدەگرن بەسەر ھەموو جۆرە چەکێکی بێمۆڵەتدا.

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ وتیشی، ھەموو پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادارکراونەتەوە کە لیژنەی ئەمنی تایبەت بە ئەو کارە رابسپێرن بۆ ھەموو شوێنە گشتییەکان، ھەروەھا خاڵی پشکنینی گەڕۆکی زیاتر لە شەقامەکان دابنێن و دەستبگرن بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا.