سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەمانەوێت یەکێتی ھەڵگری سیاسەتێکی حەکیمانە و تەندروست بێت
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی و نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، باوکی ئازیزم پێنج ساڵە لێرەنیت، دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی یەکێتی و کوردستان و عێراقەوە بۆت بنووسم.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دەڵێت، پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو، دەتویست یەکێتی سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە دۆزە رەواکانی گەلی کورد و وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان، بەڵام لەم دواییەدا کەسانێک رێگەکەیان ونکرد و چەپکەگوڵەکەیان بەرەو وشکبوون دەبرد، بەڵام لەکۆتاییدا یەکێتی بەرەو ڕێگە راستەقینەکە ئاڕاستەکرا، رێگە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی گیرا و بەکارھێنانی پلە و پۆست بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە کردووە. یاساشکێنان دراونەتە دادگا و ئارامی و ئاسایش لەپێشینەی ئەرکەکانە.
ھەروەھا راشیگەیاندوە، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆککۆماری بوویت، بەرەوشێکی ھەستیار و تەنگژەیەکی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی، بەڵام بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوھەری تۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتی حەکیمانەی تۆی پەیڕەوکرد و بەشێک بووین لە چارەسەر نەک ئاڵۆزی.
دەقی پەیامەکە:
باوکی ئازیزم
پێنج ساڵی تەواوە لێرەنیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، دڵێکی پڕ لە ھیوا و ویژدانێکی ئاسوودەوە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی یەکێتی، کوردستان و عیراقەوە بۆت بنووسم.
دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی بە ورەیەکی پۆڵایین و ھێزێکی لەبن نەھاتووەوە وەک رێبوارێکی رێگای ئازادی و شکۆمەندی، خەمی کورد و کوردستانت کردە کۆڵ و ژیانت کردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەھا پیرۆزانەی ھەرگیز سازشت لێنەکرد. ئامانجێک کە خۆی لە بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد، دادپەروەری، دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیاندا دەبینییەوە. دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ ھاوخەبات و ھاوڕێکانتدا ھەر لەوپێناوەدا بوو.
لای ھەمووان روون و ئاشکرایە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو. دەتویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و دۆزە رەواکانی گەلی کورد. وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تەندروست. بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا کەسانێک رێگەکەیان ونکرد و چەپکەگوڵەکەیان بەرەو وشکبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەکۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەکەمان دا و یەکێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەکە ئاڕاستەکرد. بەڵێنمان بە رۆحی تۆ و خەڵکە دڵسۆزەکەماندا یەکێتییەکەت وەک چاومان بپارێزین. ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر رێچکە تەندروستەکە و ھەموو ئۆرگانەکانمان کردووەتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. ئەمەش ھەر ئەوەبوو کە تۆ دەتویست.
دەمانەوێت لەگەڵ خوا و خەڵکەکەمان راستگۆبین. لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بین کە وەرمانگرتووە. یەکێتی ھەڵگری سیاسەتێکی حەکیمانە و تەندروست بێت وەک ئەوەی خۆت پەیڕەوت دەکرد. بەدیدگایەکی نیشتمانییەوە کار بۆ بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکان بکەین و خزمەتی خاک و خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین. ھەوڵ بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری بدەین و پەرە بە گیانی تەبایی و پێکەوەژیان بدەین. رێز لە جیاوازییەکان بگرین و دەرگامان بەڕووی رەخنە و گلەییەکاندا کراوە بێت. دەمانەوێت ژینگەیەک فەراھەم بکەین کە تاکەکان ھەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن. دەزانین رێگەکەمان سەختە و بەربەستەکان زۆرن، بەڵام بەڵێنێکە و داومانە (نەسرەوتن تا سەرکەوتن).
ساڵی رابردوو و لە چوارەمین ساڵیادی کۆچتدا بۆم نووسیت ھەر بڕیارێک داومانە و دەیدەین لەپێناو چاکەی گشتیدا بووە و دەبێت. ئێستاش دوای ساڵێک بەویژدانێکی ئارامەوە بۆت دەنووسم ھەر ئەوەمان ئەنجامدا کە لێمان چاوەڕێدەکرا. رێگریمان لە بەھەدەردانی سامانی گشتی کردووە و رووبەڕووی نایەکسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەکارھێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە کردووە. یاساشکێنانمان داوەتە دادگا و ئارامی و ئاسایشمان لەپێشینەی ئەرکەکانمان داناوە. لەبوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و ژینگە خزمەتی زۆرمان پێشکەشکردووە و بەردەوامیش دەبین.
لە ماوەی رابردوودا عیراق، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆککۆماری بوویت، بەدۆخێکی ھەستیار و تەنگژەیەکی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی. ڕوانینێکی سادە بۆ دۆخەکە ئەو راستییەی دەردەخست کە کۆچی تۆ چ بۆشاییەکی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستکردووە. بەڵام نائومێد نەبووین، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوھەری تۆ لە ھەوڵەکانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و کۆکردنەوەی لایەنەکان لەپێناو ھاوبەشیی راستەقینە و سازان بەردەوام بووین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتی حەکیمانەی تۆی پەیڕەوکرد و ھەمووان شاھیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدەن کە بەشێک بووین لە چارەسەر نەوەک ئاڵۆزی. بۆ ئەمەش خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزارت دەزانین.
یادت بەخێر شکۆی نەتەوە و نیشتمان
مێژوو بەشانازییەوە ناوت دەھێنێت
کوڕی خۆت
بافڵ