د. ڕێواز فایەق پێشوازیی لە سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا کرد
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
لە دیدارێکی نێوانیاندا کە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ و شاندێکی یاوەریان ئامادەیبوون، باس لە چەندین پرسی گرنگ و تایبەت بە کاری پەرلەمانی، ئازادییە گشتییەکان، مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی سەرجەم ئاین و نەتەوە جیاوازەکان بە یەکسانی لە ھەرێمی کوردستاندا کرا.
دواتر سیناتۆر کریستیان کامبۆر، ئامانجی سەردانەکەیانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕوونکردەوە کە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە پەرلەمانییەکان و ھاوئاھەنگیی دیپلۆماسیی زیاتری نێوان ھەردوولا و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی لێژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی فەرەنسا-یە.
لای خۆیەوە د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "گەلی ئێمە شانازییەکی گەورە بەو پەیوەندییە مێژووییانەوە دەکات کە لە ڕابردوودا لەگەڵ حکوومەت و گەلی فەرەنسادا ھەیبووە لە کاتە خۆش و ناخۆشەکاندا، بەتایبەت پشتیوانییەکانی خاتوو میتران لە دوای ڕاپەڕینەوە بۆ ئێمە مێژوویەکی درەوشاوەیە و گەلی ئێمە ھەرگیز لە یادی ناکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی فەرەنسای کرد لە پشتیوانیکردنی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ھاوکات پوختەیەکیشی لەبارەی ماف و ئازادییە گشتییەکان، پرسی ژنان و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکان بۆ شاندی مێوان خستەڕوو.
لە بەرامبەردا سیناتۆر کریستیان کامبۆر، بە بایەخەوە ڕۆڵی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی ھەڵسەنگاند و ڕایگەیاند: "ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی ھەوڵەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لە داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و مافەکانی ژنان و پاراستنی مافی پێکھاتەکان". وەک دەربڕینێکیش بۆ ھەڵوێستە جوانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سیناتۆر کریستیان کامبۆر میدالیای سیناتی فەرەنسای پێشکەش بە د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد.