لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان کۆبوەوە، بەگوێرەی نرخی گازوایل نرخی کاتژمێرێک ئەمپێری موەلیدە بە(٦٤) دینار بۆ مانگی ئەیلول دیاریکرا، کە بەتێکڕایی موەلیدە ئەھلییەکان لەنێوان (١٩٠) بۆ (٢١٠) کاتژمێڕ کاریان کردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێک کارەبا لەنێوان (١٢.٥٠٠) بۆ (١٣.٥٠٠) دینار دەبێت و نرخی ئەمپێرێکیش لەگەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازە بەو پێیەی بەپێی ئەو پێوەرە ھەژماردەکرێت کە بۆ موەلیدەکان دانراوەو کاتژمێری کارکردنیان تۆماردەکات.

سەبارەت بەبەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان بۆ ئەم مانگە رایگەیاند موەلیدەکان لەکاتژمێر ١٢ نیوەڕۆ بۆ ١ی شەو کاردەکەن، لەگەڵ بەیانیان لەکاتژمێر ٦:٣٠ بۆ ٨ی بەیانی ئەگەر کارەبای نشتیمانی کوژایەوە، موەلیدە ئەھلییەکان کارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابین بکەن، لەکۆبوونەوەکەشدا ئەو خاڵە دووپاتکرایەوە، کە پێویستە پاش کوژانەوەی کارەبای نیشتمانی (١٠) خولەک زیاتر بەسەر کارپێکردنی موەلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکار روبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.