لە ئامارەکەی کۆمپانیای دیلۆیتدا ھاتووە، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا لە ١ی ٤ بۆ ٣٠ی٦ی ٢٠٢٢، ٣٧ ملیۆن ٦١٨ ھەزار و ٥٧٧ بەرمیل نەوت بە بۆری ھەناردەکراوە، کە نرخی ھەر بەرمیلێک بە ١٠٠.٣٨ دۆلار فرۆشراوە و کۆی داھاتەکەی سێ ملیار و ٧٧٦ ملیۆن و ٤٤٦ ھەزار و ٢٥١ دۆلار بووە.

ھەر بەپێی ئامارەکەی کۆمپانیای دیلۆیت، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ٢٣٧ ھەزار و ٤٧٥ بەرمیل نەوت بە پاڵاوتگەکانی ناوخۆ فرۆشراون، کە نرخی ھەر بەرمیلێک بە ٥٤.٠٨ دۆلار بووە و داھاتەکەی ١٢ ملیۆن و ٨٤٤ ھەزار و ٢٨ دۆلار بووە، کە کۆی گشتی داھاتی نەوت لەو سێ مانگەدا سێ ملیار و ٧٨٩ ملیۆن و ٢٩٠ ھەزار و ٢٧٩ دۆلار بووە.

کۆمپانیای دیلۆیت ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا یەک ملیار و ٦٣٢ ملیۆن و ٦٩٥ ھەزار و ٥٩٧ دۆلار بۆ دانەوەی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرز بووە و ٥٨٤ ملیۆن و ٦٠٩ ھەزار و ٤٠٧ دۆلار بۆ خەرجییەکانی دیکەی نەوت وەک گواستنەوە و کۆگاکردن بووە، پارەی ماوە دوای دەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان کە بۆ مووچە تەرخانکراوە، یەک ملیار و ٥٧٢ ملیۆن ٩٨٥ ھەزار و ٢٧٥ دۆلار بووە.