قوباد تاڵەبانی لە وتارێکدا بەناوی ( مار و پەیژە) ئاماژەی بەوەکردووە، دوابەدوای ھەوڵ و کۆششی ھێزە ئەمنیەکان کە بە پشتیوانی ھاوڵاتیان و میدیاکارانی خەمخۆر، گومانلێکراوێک بە تاوانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان دەستگیردەکەن، بەبڕیارێکی دادگا دێنەوە سەر خاڵی سفر.

دەشڵێت، زۆر توڕەبووە کە بیستویەتی تۆمەتبارێک بە کوشتنی دوو کچەکەی بە ھۆکارێکی لاواز و بەناو نەبوونی بەڵگەی شایستە ئازادکراوە، بەداخەوە کە تاکو ئێستاش ھەندێک دادوەر خەمساردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان. 

جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکردووە، بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکانی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان پێویستی بە کارکردنی پێکەوەیی لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەیە و ھەر خەمساردییەک شکستیان پێدەھێنێت.

قوباد تاڵەبانی دووپاتیشدەکاتەوە، ئەو شەڕەی دەستیانپێکردووە وەک مار و پەیژە وایە و ناھێڵن بکوژەکان بە ئازادی و بە ئیستراحەتی بێن و بڕۆن، ئەگەر بە تاقی تەنھاش بووە ھەر بەدوایانەوە دەبێت.

دەقی نوسینەکەی قوباد تاڵەبانی  

مار و پەیژە
دوابەدوای ھەوڵ و کۆششی ھێزە ئەمنیەکان کە بە پشتیوانی ھاوڵاتیان و میدیاکارانی خەمخۆر، گومانلێکراوێک بە تاوانی کوشتن و توندو تیژی دژی ژنان دەستگیر دەکەین، بە بڕیارێکی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر. 

ماوەیەکە لەسەر دیاردەکانی زیادبونی روداوی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و کوشتنیان (بە دەست ئەو پیاوانەی وا دەزانن شەرەفیان بەزێندراوە، بەڵام ئەوان ھەرگیز شەرەفیان نەبووە) لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەی و ناحکومیش کۆدەبمەوە. ھەموو ئەوانەی لەگەڵیان دادەنیشم قسەی باش دەکەن، بەڵام ھەموشیان دەڵێن: ئەم دیاردەیە بە قسە بنبڕ ناکرێت.

کرداریش بریتیە لە یاسا، رێنمایی، ئیجرائات، بەدواداچوون، ھوشداریدان و کاری دەستەجەمعی بە گشتی، ئەمانە و چەندین ئالییەتی تر پێویستە وەک یەک تیپی ئۆرکێسترا کار بکەن، ئەگەر یەکێکیان رۆڵی خۆی نەگێڕێت پارچە میوزیکەکە دەشێوێت، ئەمە بۆ دەزگاکانی ‌حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تریش راستە، بەتایبەت لەبەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، یان دەبێت بەیەکەوە کار بکەن یان ئامانج ناپێکن. ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی ئەم ئۆرکێسترایە بە ئەرکی خۆی ھەڵنەستێت، یان خەمسارد بێت، فەراغێک دروست دەبێت کە شکستمان پێ دەھێنێت.

زۆر توڕڕە بوم کە بیستم تۆمەتبارێک بە کوشتنی دوو کچەکەی بە ھۆکارێکی لاوازو بە ناو نەبوونی بەڵگەی شایستە ئازاد کراوە. ئەمە چ پەیامێک ئەدات بەو بێ شەرەفانەی ژن دەکوژن؟ پێیان ئەڵێت: ئەگەر کچی خۆتت کوشت بڵێ من نەبوم، کورە بچووکەکەم بوو ، دوایی ئازاد ئەکرێت. تا ئەو کاتەش، کورەکەتت ناردوەتە ماڵە کۆنە جاشێک کە دور بێت لە دەستی ھێزە ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت.

بەداخم کە تاکو ئێستاش ھەندێک دادوەرمان خەمساردن لەمامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان. من پێتان دەڵێم: خۆ ھەر رۆژێک دێت ئەو بێ شەرەفەی کە کچەکەتی کوشت، سەر دەرەکاتەوە.

روو دەکەمە بکوژەکان؛ دڵنیام خۆت وەک بە ناو باوکێک، ھەموو شەوێک کە دەچیت بخەویت و دور کەوتیتەوە لە دیوەخانەکەت و دور کەوتیتەوە لەوانەی کە ھانتان ئەدەن ئەم بێ شەرەفیە ئەنجام بدەن، مەجبور دەبی ئەو رۆژانەت بێتە بیر کە ئەو کچە نازدارانەت لە باوەش بوو و بە زەردەخەنەیەکیان لە خۆشیدا وات دەزانی ھەموو دونیا ھی خۆت بوو. دڵنیاشم دوا دیمەن کە دێتە بەرچاوت دەموچاوی خوێناوی ئەو جەرگانەت دەبێ کە لە ئەنجامی بێشەرەفی خۆتان یان کورەکانتان دەیانکوژن. ئەزانم کە تەنھا دەبیت، ویژدانت پێت ئەڵیت کە؛ تۆ نە ئازایت، نە مەردیت، نە کەرامەتی خێزانی خۆتت پاراست، نەشەرەفی خێزانت پاراست (چونکە لە ئەساسدا بێ شەرەفیت)، دڵنیام خۆت بەو چاوە تەماشای خۆت دەکەیت کە خوای گەورە تەماشات دەکات، وەک بکوژێک، وەک موجرمێک، وەک بێشەرەفێک.

ئەم شەڕەی دەستمان بۆ بردوە وەک یاری مار و پەیژە وایە، کەی وا دەزانیت بە پەیژەیەک چەند ھەنگاوێک سەرکەوتیت، مارێک ئەتھێنێتەوە خوارێ. بەس بزانن ھا، ھەر بەو پەیژانەدا سەر ئەکەوینەوە، ناھێڵین بکوژەکان بە ئازادی و بە ئیستراحەتی بێن و بڕۆن، ھەرگیزیش ناھێڵم خەڵک لە بیری بچێت کە چەندە بێ شەرەفن. خوا وەکیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنھاش بم ھەر بەدواتانەوە دەبم.