چارەسەركردنی قەیرانی كەمی ئاو لە پارێزگای بەسرە چارەسەرکرا
یەحیا
٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
دوابەدوای بەردانەوەی ئاوی زیاتر لەلایەن توركیاوە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق چارەسەركردنی قەیرانی كەمی ئاوی لە پارێزگای بەسرە راگەیاند.
وەزارەتی سامانە ئاوییەكان ئاماژەی بەوە كردووە، پشكی تەواوی ئاوی پارێزگای بەسرەیان مسۆگەر كردووە، ئەوەش راستەوخۆ دوای بەردانەوەی ئاوی زیاتر لەلایەن توركیاوە.
رونیشیكردووەتەوە، ئەم پێشهاتە دەرئەنجامی هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەتە بۆ دەستخستنی پشكی ئاو و لابردنی پرۆژە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی.
ئەوە لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو پارێزگاری بەسرە رایگەیاند، كەمبوونەوەی ئاو لە پارێزگاكە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و یەكەمجارە لە مێژووی عیراقدا تۆمار بكرێت.
دوێنێ مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، سەرۆكی توركیا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ زیادكردنی پشكی ئاوی عیراق لەسەر هەردوو رووباری دیجلەو فورات.