فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا گفتوگۆیانکرد لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوڵات و چۆنێتی بەھێزکردنیان، ھەروەھا ھەردولا کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئێستای عێراقیشیان تاوتوێ کرد.

ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کرد ئێران رێگە بدات مەرزی کێلێ کە ئێستا تەنھا بۆ ھاتوچۆی بازرگانیە و دەکەوێتە سەر سنوری نێوان سەردەشت و قەڵادزێ، بۆ ھاتوچۆی ھاوڵاتیان و گەشتیارانیش بەکاربھێنرێت، لەبەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی ئێران بەڵێنیدا بە دواداچون بۆ ئەو بابەتە بکات و رێکارە پێویستەکانیش بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێبکەن.