کاروان فەیسەڵ بەرپرسی بنکەی تەندروستی ناحیەی سیدەکان، بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لەسەر رێگەی نێوان (سۆران-برادۆست) روداوێکی ھاتوچۆ لە نێوان ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێک رویداوە و بەھۆیەوە ٧ کەس برینداربوون، لەناو بریندارەکان ژن و منداڵ ھەیە و چوار لە بریندارەکان بەھۆی سەختی برینەکانیان، رەوانەی نەخۆشخانەی سۆران کراون.

پەیامنێری کوردسات نیوزیش رایگەیاند، لە نزیک بازگەی قادراوای ناحیەی سەنگەسەر لە ئیدارەی راپەڕین روداوێکی ھاتوچۆ روویداوە و بەھۆیەوە ١٠ کەس برینداربون و بۆ چارەسەر گەیەندراونەتەوە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی رانیە و قەڵادزێ.

ھاوکات لەسەر پردی شەھید شێرکۆ شوانی لە ناوچەی شیوەسووری سەر بە ناحیەی شوان، روداوێکی ھاتوچۆ لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر و پاترۆڵێک روویدا و بەھۆیەوە کوڕ و باوکێک گیانیان لە دەستدا و ٢ ئەندامی تری ھەمان خێزان برینداربوون، برینی یەکێکیان سەختە و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی  کەرکوک کرا.