دەقی بەیاننامەکە...
لە بیرەوەری (١٤)مین ساڵەی خۆپیشاندانە خوێناوییەکەی کەرکوک ئاسۆ مامەند پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان..!
کەرکوکییە دڵسۆز و خۆڕاگرەکان..!

لە (٢٨)ی تەمووزی ساڵی (٢٠٠٨) دەیان ھەزار ھاووڵاتی کەرکوک خۆپیشاندانێکی ھێمنانە و مەدەنیانەیان لە شارەکەیان رێکخست بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانیان، بەڵام بە داخەوە ئاکامەکەی کۆمەڵکوژکردنی ھاوڵاتییان و خوێناویکردنی شارەکەی لێکەوتەوە.

لە (٢٢)ی تەمموزی ساڵی (٢٠٠٨) سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی عیراق، پڕۆژە یاسای ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی خستە بەردەم ئەندامانی پەرلەمانی عیراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەن، لە ناو پڕۆژە یاساکەدا مادەی (٢٤) بوونی ھەبوو کە سەرلەبەری دژی مادەی (١٤٠)ی دەستووری ھەمیشەیی عیراق بوو!

لە دانیشتنەکەدا بێجگە لە نوێنەرانی کورد، نزیکەی تەواوی ئەوانەی کە لە ھۆڵی پەرلەماندا ئامادەییان ھەبوو دەنگیان بە یاساکەدا، ئەو کاتە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان ( ٢٧٥) کەس بوو، بە پێی پێڕەو دەبوو بۆ ھەر یاسایەک سێ لە سەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەییان ھەبێت، ھەر چەندە ئەو ژماریە ئامادە نەبوو ھەروا نوێنەرانی کوردیش ھۆڵی پەرلەمانیان جێھێشت.. بەڵام (١٤٢) پەرلەمانتار لە ھۆڵەکەدا مانەوە، لەو ژمارەیەش ( ١٢٧) ئەندامیان دەنگیان بە یاساکەدا.!

بە دەنگدان بەو پڕۆژە یاسایەش، ھیچ بەھایەک بۆ مادەی (١٤٠)ی دەستووری ھەمیشەیی نەمایەوە، چونکە مادەی (٢٤) بە ھەمان نەفەس و  سیاسەتی سەردەمی حزبی بەعسی ھەڵوەشاوە نووسرابووەوە!

ناوەڕۆکی یاسای (٢٤) ھەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەر کورد و دۆزەکەی، ھەروا مەترسییەکی جددییش بوو بۆ سەر دانیشتوانی کوردی کەرکوک.

لە ناو پرۆژە یاساکەدا چەند بڕیارێک ھەبوون کە زۆر مەترسیدار بوون، لەوانە؛ دانیشتوانی قەزاو ناحییەکانی بێبەش دەکرد لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە، ھەروا جەختی لەوە دەکردەوە کە دەسەڵاتەکانی پارێزگای کەرکوک بە گوێرەی ٪٣٢ لە نێوان ھەر سێ پێکھاتەی (عەرەب، کورد و تروکمان) دابەش بکرێت، و لە ٪٤یش بۆ مەسیحییەکان. ئەم برگەیەش دژی دیموکراسی و ئیستحقاقەکانی ھەڵبژاردن بوو کە کورد بەردەوام زۆرینەی مسۆگەر بووە لەو پارێزگایەدا، چونکە ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە کەرکوک ھیچ کات لە ٪٥٠ کەمتر نەبووە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە زیاتر لە (٣٥) ساڵ رووبەڕووی پڕۆسەی تەعریب و تەرحیل و تەھجیر بووبوونەوە! ھەروەھا لە خاڵی پێنجەمی ئەو پرۆژە یاسایەدا چەند بڕگەیەکی مەترسیداری تێدا بوو سەبارەت بەو ماڵە ئاوارە کوردانەی کە لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە گەڕابوونەوە کەرکوک و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان گیرسابوونەوە، بەڵام ئەو پڕۆژە یاسایە ماڵ و خانووەکانی ئەو کوردانەی بە تەجاوز و نافەرمی ئەژمار کردبوو..! لەوەش مەترسیدار تر، رادەستکردنی مەلەفی ئەمنی پارێزگاکە بوو بە ھێزە سەربازییەکان، و بێبەش کردنی ھێزە ئەمنییە خۆجێیەکان لە بەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنی پارێزگاکەیاندا.

لە بەر ئەو ھۆکارانە کەرکوکییەکان و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، ئەو پرۆژە یاسایەیان بە مەترسی زانی بۆ سەر داھاتووی کەرکوک و پرسی کورد لەو پارێزگایە، لەو سۆنگەیەوە کارادانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی جەماوەری و حزبی لێکەوتەوە.

دوای ئەوەی پیلانگێڕان لە ناو پەرلەمانی عێراق بە شێوازێکی نایاسایی ئەو پرۆژە یاسایەیان تێپەڕاند، لە (٢٨)ی تەمموزی ساڵی (٢٠٠٨) ھاوڵاتییانی دلێر و خۆڕاگری کەرکوک، ھاتنە دەرەوە و بڕیاری خۆپیشاندانیان دا٫ بە دەم ھوتاف کێشان و رەتکردنەوەی مادەی (٢٤) چوونە بەردەم بینای پارێزگای کەرکوک کە ژمارەیان زیاتر لە (١٥٠) ھەزار ھاووڵاتیی بوو.

بەڵام بە داخەوە زۆری نەخایاند دەستی رەشی تیرۆر و پیلانگێڕان! گەیشتە خوێنی ئاڵی خۆپێشاندەران و بە ھۆیەوە دەیان ھاووڵاتیی بێتاوانی کورد شەھید و بریندار بوون، کە بەشێکی شەھیدەکان لە توێژی مامۆستایان بوو.

لە سەروئانی کاردانەوەکان لە دژی یاسای ژمارە (٢٤)ی ھەڵبژاردن، رەوانشاد سەرۆک مام جەلال سەرۆک کۆماری ئەو کاتی عێراق، وەک پارێزەری ھەمیشەیی پرسی کورد و کەرکوکییەکان لە بەغدا، ئەو یاسایەی (ڤیتۆ) کردو رێگەی نەدا جێبەجێ بکرێ، و خەونی گڵاوی پیلانگێڕان بەدیی بھێنرێ.

لەم یادەدا.. سڵاو لە سەرۆک مام جەلال و شەھیدانی ٢٨ی تەمموز و سەرجەم شەھیدانی رێگەی کوردستان!

ھەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان!

ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان