دەقی بەیاننامەکە...

بەیاننامەی مەڵبەندی کەرکوک، لە(١٤)ـمین ساڵیادی شەھیدانی (٢٨)ـی تەمووز :-

کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان ...
ھاوڵاتیانی خۆراگری کەرکوک ... 

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و (١٤) ساڵ بەر لەئێستا، کاتێک کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک، لە ڕێگای خۆپیشاندانێکی شارستانی و مەدەنیانەوە، ھەڵوێستی خۆیان دژی پڕۆژە یاسای ژمارە (٢٤) لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ژمارە (٣٦)ـی ساڵی (٢٠٠٨) دەردەبڕی کە دەویسترا لەلایەن شۆڤێنیەکانی پەرلەمانی عێراقەوە دۆخی سیاسی و دیموگرافیای کەرکوک بگەڕێندرێتەوە بۆ سەردەمی حزبی بەعسی رووخاو.

بەڵام بەداخەوە تاریکپەرستانی دژ بە میلەتەکەمان لە کردەوەیەکی ترسنۆکانەی تیرۆرستیدا، دەستیان چووە خوێنی ئاڵی (٢٤) ھاوڵاتی بێتاوانی کەرکوک کە (٩) کەسیان لە توێژی مامۆستایان بوون، کە دواتر وەک ھەمیشە کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال، لە دژی ئەو پرۆژە یاساییە ڤیتۆی بەکارھێنا رێگربوو لە پیلانی شۆڤێنیەکان.

لەم یادە پر خەم و ئازارەدا، جارێکی دیکە سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدانی (٢٨)ـی تەمووز دادەنوێنین، کە بە دروشمی (ئێمە لێرە ناڕۆین) دژی ئەوپیلانە وەستانەوە و 
بەڵێنی وەفایان بۆ دووپاتدەکینەوە کە درێژەپێدەری رێبازەکەیان بین و رێگەنەدەین بەعسی و شۆڤێنیەکان مەرامی گڵاوی خۆیان بۆ بچێتەسەر.

ھەروەک لەم یادەدا، دۆخی کەرکوک و ھەرێم و عێراق و ناوچەکەش، وامان لێدەخوازێت یەک دەنگ و یەکگرتووبین بۆ بەدەستھێنانی مافی ڕەوای میلەتەکەمان و دژی سەرجەم پیلانەکان بوەستینەوە.
 
سڵاو لە رۆحی پاکی شەھیدانی (٢٨)ـی تەمووزی ساڵی (٢٠٠٨) و سەرجەم شەھیدانی رێگای ئازادی میلەتەکەمان.

‏‎ڕەوەند مەلا مەحمود
‏‎لێپرسراوی مەڵبەندی (٢)ی رێکخستنی کەرکوکی (ی.ن.ک)