لە راگەیەندراوێکدا قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی دیاردەی (سواڵ) دەرۆزەکردن، لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبونەوەو گفتوگۆیان لەبارەی ھۆکار و چارەسەرییەکان کرد.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، " قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد کە سەرەڕای ھەوڵە ھەمەلایەنە بەردەوامەکان حاڵەتەکانی سواڵکردن لە سلێمانی زیادیکردووە، تەواوی سواڵکەرەکانیش بەتایبەت منداڵەکان خەڵکانی دەرەوەی پارێزگای سلێمانین و لە ناوچەکانی ترو وڵاتانی دراوسێمانەوە ھاتوون، بۆیە مەبەستمانە بەتەواوەتی حاڵەتەکان کەمبکەینەوەو ھەر کەسێکیش ھاوکاری ئەو کەسانە بێت رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر."

ھەر ئوتێلێک رێگە بەمانەوەی ئەو کەسانە بدات دادەخرێت و کاتی دوبارەبونەوەی مۆڵەتەکەی وەردەگیرێتەوە. داواش لە موختاری گەڕەکەکان دەکرێت ھاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.

بڕیاریش درا لە رێگەی مزگەوتەکانەوە مامۆستایانی ئاینی ھاوڵاتیان وشیار بکەنەوە بۆئەوەی ھاوکاری ئەو دەروەزەکەرانە نەکەن. داواش کرا کەناڵەکانی راگەیاندن ھەڵمەتی روبەروبونەوەی دیاردەی دەروەزەکردنی منداڵان و ژنان ئەنجام بدەن.