بەپێی راگەیەنراوی کۆمپانیای پەرەپێدانی کۆمەڵگای کشتوکاڵی لە شاری رەقە، تائێستا ١١٥ ھەزار و ٥٠٠ تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە. بە وتەی ئەحمەد علی ھاوسەرۆکی کۆمپانیەکە لەو شارە، بەرھەمھێنانی گەنم لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو باشتر بووە. 

لە ھەرێمی جەزیرەی رۆژئاوای کوردستانیش کۆمپانیاکە ١٣٩ ھەزار و ٤٠٠ تۆن گەنم لە سایلۆکانی ناوچەی دێریک و قامیشلو و عامودا و حەسەکە ھەڵیانگرتووە.

مستەفا ئیبراھیم ھاوسەرۆکی کۆمپانیای پەرەپێدانی کۆمەڵگای کشتوکاڵی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا راگەیاندووە، کۆی گشتی گەنمی وەرگیراو ٣٢٠ ھەزار و ١٠٠ تۆن بووە.  

بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خۆراک، خۆبەڕێوەبەری باکورو و خۆرھەڵاتی سوریا گواستنەوەی گەنمی لەناو شارەکاندا قەدەغە کردووە تا رێگە نەدرێت بۆ دەرەوەی ناوچەکانی خۆبەرێوەبەری بڕوات و بفرۆشرێت.