ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سێ مووشەک ئاڕاستەی کێلگەی غازی کۆرمۆر لە سنوری ناحیەی قادر کەرەم کراون.

وتیشی، ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی ھەبووە و موشەکەکان لە دەوروبەری کێڵگەکە کەوتونەتەخوارەوە.

رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵیش بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، چەند کاتیۆشایەک ئاراستەی کێلگەی غازی کۆرمۆر کراون و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی بەرپرسیارانی ھێرشەکە دەستپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی راسپێردراون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی بەھۆی کاتیۆشاکانەوە کەوتۆتەوە.

رۆژانی ٢٢ و ٢٤ و ٢٥ی حوزەیرانی رابردووش سێ جار بە کاتیۆشا ھێرشکرایە سەر کێلگەی کۆرمۆر و دوو کارمەند بە سوکی برینداربوون.

کێلگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆری سەر بە ناحیەی قادر کەرەم، لە ساڵی ٢٠٠٧ حکومەتی ھەرێم بۆ پەرەپێدانی کێلگەکە گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز و کۆمپانیای کریسنت پترۆلیۆمی ئیماراتی ئیمزاکرد و دوای ١٥ مانگ توانرا غازی لێ بەرھەمبھێنرێت، لە ئێستاشدا رۆژانە ٤٥٠ ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی کێلگەکە بە بۆری رەوانەی ھەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و وێستگەی کارەبای ھەولێر دەکرێت . جگەلەوەش رۆژانە ١٠٥٠ تۆن غازی ئێل پی جی لێ بەرھەم دەھێنرێت.