مەسرور بارزانی: دەبێت وەک قەوارەیەکی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکرێت
٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٢
دوای کۆبوونەوەی لەگەل "مستەفا کازمی"سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ھەردوولا بە توندی دەستدرێژییەکانی تورکیایان بۆ سەر خاکی عێراق ئیدانە کرد.
ھەروەھا ڕێککەوتن کرا لەسەر قووڵکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و بەردەوامیدان بە کارکردن لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی ھاوبەش لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی باڵای گەلی عێراقی تێدابێت.
ھەر لە سەردانەکەیدا وەفدی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە جەختکرایەوە کە دەبێت وەکو قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت. لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پشتگیریی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی دەربڕی.