دەقی پەیامەکە...

لە گەرمای تەموزی بەغداد و باشوورەوە ھاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنکایی تاڤگە و  شنەبای سەیرانگا و ھاوینەھەوارەکانی کوردستان، کەچی بە داخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی کەسوکار و خانەوادەکانیان کرایەوە.

تاوانە گەورەکەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی ھەموو ھاوڵاتییانی عێراقی ھەر لە دھۆک و ھەولێر و سلێمانییەوە ھەتا بەغداد و نەجەف و بەسرەی ھەژاند و ھەموولایەکی تازیەبارکرد. ئێستا نەک ھەر خانەوادەکانیان، بەڵکو ھەموو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەھیدەکەی سەیرانگای پەرەخن.

تاوانەکە بۆ ئێمە لە ھەرێمی کوردستان واتایەکی دیکەشی ھەبوو، ھاوڵاتیانی کوردستان دووجار ویژدانیان ھەژا. جارێکیان وەک ھەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، وەک ھەر ھاوڵاتییەکی دیکەی عێراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەھیدبوونی نۆ ھاوڵاتی مەدەنی. جارەکەی دیکەشیان وەک کوردێکی بێکەس و بێ پشتوپەنا، کە بەردەوام قوربانین و کەس ھاواریان نابیستێت!

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی ١٠٠ ھاوڵاتی مەدەنی ھەرێمی کوردستان بەھۆی بۆردومانە بەردەوامەکانەوە شەھید بوون، بۆ حکومەتی فیدراڵ جارێک ھەڵوێستێکی جدی نەبوو؟

ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە کە ئەمجارەیان حکومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەکان بە گشتی و تەنانەت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ھەڵوێستی شیاو و گونجاویان ھەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بھێنێنەوە کە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای ھەڵوێستی جدیمان لێکردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق، کەچی بە داخەوە تەنھا یەک دوو جار نەبێت کە بە ئیدانەکردنێکی سەرپێیی لەکۆڵ خۆیان کردەوە. 
ئەگەر پێشتر ھەڵوێستی جدی ھەبوایە، رەنگ بوو کارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێکی جوان لەمانگی ھەنگوینیی خۆیدا شەھید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێکمان بەفرۆکە رەوانەی بەغدا نەکردایە!
من دەڵێم خوێنی کەس لەکەسی تر سورتر نییە!

ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا ھەڵوێستی ھەبووایە بەرامبەر تاوانی شەھیدکردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە چیای کورتەک، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا ھەڵوێستی ھەبووایە بەرامبەر شەھیدکردنی ٨ ھاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر ھەڵوێستی ھەبووایە بەرامبەر بە شەھیدکرانی دەیان ھاوڵاتی مەدەنی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەکەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە.

بەپێی دەستور پاراستنی سەرەوەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە، ھەربۆیە چ وەک حکومەتی ھەرێم و چ وەک ھاوڵاتیانی کوردستان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەوەیە بێ ھیچ فەرق و جیاوازییەک بەرامبەر ھەر پێشێلکارییەکی سەرەوەری عێراق ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

داواکارم و کار بۆ ئەوە دەکەم ئەم رووداوە کارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لەیەکیان نزیکبکاتەوە و وایان لێبکات دڵۆپێک خوێنی ھاوڵاتییەکمان لەھەموو شتێکی تر پێ گرنگتر بێت. حکومەتێک دەتوانێت ژیانی ھاوڵاتیان و سەرەوەری خاکەکەی بپارێزێت کە بتوانێت لەناوخۆدا کۆک و تەبابێت و جێی متمانەی ھاوڵاتیانی بێت.

دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەھیدانی بۆردومانەکانی ساڵانی رابردوو.