لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، حکوومەتی فیدراڵیی عیراق دەبێ ھەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە و لە خاکی عیراقەوە ھەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەکرێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:

زۆر بە توندی سەرکۆنەی تاوانی بۆمببارانکردنی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ دەکەین کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک ھاووڵاتی و گەشتیاری سڤیلی ناوچە جیاکانی عیراق و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەیان.

دووبارەبوونەوەی بۆمبباران و بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانی سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە سنوورەکان، بە تەواوی ڕەتکراوە و قبووڵنەکراوە و ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و سنووری نێودەوڵەتیی عیراقی شێواندووە، ھەروەھا بووەتە ھۆی چۆڵکردنی سەتان گوند و دێھاتی ناوچەکە.

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی خێزان و کەسوکاری قوربانییان دەکەین و ھاودەرد و ھاوخەمیانین، ھیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. نەخۆشخانە و لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموو یارمەتی و خزمەتگوزارییەکی پێویست پێشکەش بە بریندار و بەرکەوتووان دەکەن.

سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دەبێ شەڕ و پێکدادان ڕابگرن و چیتر نەبنە ھۆکاری کوشتن و وێرانکاری لە ناوچە سنوورییەکان و شەڕ و بەڵای خۆیان لە یەخەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە. حکوومەتی فیدراڵیی عیراقیش دەبێ ھەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە و لە خاکی عیراقەوە ھەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەکرێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٧/٢٠