شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ھاوکاری نەخۆشخانەی ھیوا دەکات و لە کێشەی سندوقی کۆمەک بۆ ھیوا دەکۆڵێتەوە
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢
لە دیدارێکدا کە ھەریەک لە د.سەباح ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی و د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا و ژمارەیەک لە پزیشکانی نەخۆشخانەکە ئامادەیبوون، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە کێشە سەرەکییەکانیانی پرسییەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ چارەسەرکردنیان دووپات کردەوە و راشیگەیاند: نیگەرانین لەو دۆخەی رووبەڕووی نەخۆشخانەی ھیوا بۆتەوە کە ھیوایە بۆ ھەمووان، بۆیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ دەکەم تا کێشەکانتان بە زوویی چارەسەر بکرێت، چونکە نەخۆشخانەکە گەورەترین خزمەت پێشکەش بە ھەمووان دەکات.
وتیشی: "پێویستە ئەو داھاتەی کە لە سندوقی کۆمەک بۆ نەخۆشی شێرپەنجە دیاریکراوە و لە بانک ھەڵدەگیرێت، بۆ ھیچ سێکتەر و بوارێکی دیکە خەرج نەکرێت، تەنانەت زۆر گرنگە بە پلانێک ھەوڵی زیادکردنی سەرچاوەکانی داھاتی سندوقەکەش بدرێت".
لای خۆیانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ھیوا، سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ ھەوڵە دڵسۆزانە و بەردەوامەکانی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد دەربڕی و ھاوکاری و پشتیوانییەکانی بۆ کەرتی تەندروستی بە گشتی و نەخۆشخانەی ھیوا بەتایبەتی بە گرنگ ناوبرد کە ئێستا دووچاری کێشە بۆتەوە.