سوریا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئۆکراین بچڕاند
کوردسات نیوز
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢
سەرچاوەیەکی رەسمی لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، لەسەر بنەمای مامەڵەی ھاوشێوە، دیمەشق بڕیاریدا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئۆکراین بپچڕێنێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سوریا و ئۆکراین لە ساڵی ٢٠١٨ەوە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان راگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆکراین ڤیزای دیبلۆماتکارانی سوریای لە کییڤ نوێنەکردەوە و حکومەتی سوریاش کاری باڵیۆزخانەکەی لەو وڵاتە راگرت.
چەند ھەفتەیەک لەمەوبەریش حکومەتی سوریا بە رەسمی دانینا بە سەربەخۆی ھەردوو ھەرێمی دۆنیتسک و لۆھانسکی ئۆکراین، لەبەرامبەر ئەو ھەنگاوەشدا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین کۆتایی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و سوریا ھێنا. لەسەر بنەمای مامەڵەی ھاوشێوە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا بڕیاریدا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئۆکراین بپچڕێنێت.