قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت لە کوردستانێکدا بژین کە شانازی پێوە بکەین
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٢
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی وتارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاری تاک و تایبەت ھەیە لە نێوان حکومەت و ھاووڵاتیی دا.
دەقی وتارەکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:
ئەساسی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، خزمەت کردن و چاکسازییە. لەو چوارچێوەیەدا بەندە و نووسینگەکەم، دەستمان بردووە بۆ چەند مەلەفێک کە خزمەت بەو ئامانجە دەگەیێنێت. ھەم بەردەوام بووین لە جێبەجێ کردنی پرۆگرامی بایۆمەتری کە لەم کابینەیەدا بە خۆشحاڵیەوە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەست پێکرد. قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بریتییە لە رێکخستنەوەی میلاکاتی ھەموو حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بۆ ھەر مووچەخۆرێکی ھەرێمی کوردستان ژمارەی کەسی بێھاوتامان پێشکەش کرد. ئەو ژمارەیە دەبێتە دەستپێک بۆ حکومەتێکی ئەلیکترۆنی، کە سبەینێ ھەر مووچە خۆرێک بتوانێت لە رێگەی ئەو ژمارەیەوە چەندین خزمەتگوزاری پێ بگات. ئێمە کە بەرەو حکومەتێکی دیجیتاڵی دەڕۆین ئەو خزمەتگوزارییانە کە پێشکەشی ھاووڵاتییانی دەکەین باشتر و خێراتر و شەفاف تر دەبن. لەو پێناوەشدا بەرنامەی خزمەت کە بەرنامەیەکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەم کابینەیەدا پەرەی پێدرا. بەرنامەی خزمەت پێکھاتووە لە پێداچوونەوە بەھەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکومەت پێشکەشی دەکات بە ھاووڵاتیان، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاری تاک و تایبەت ھەیە لە نێوان حکومەت و ھاووڵاتیی دا. داوامان لە ھەموو وەزارەتەکان کردووە، پێداچوونەوە بە ھەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن، تاکو ئەو خزمەتگوزارییانە خێراتر و شەفافتر و باشتر بگەیەنێرێت بە ھاووڵاتیان. ئەم خزمەتگوزارییانە ھەموو کۆکراونەتەوە، ھەموو یەکسان کراون، تاکو خزمەتێک لە دھۆک بە ھەمان شێوەی سلێمانی پێشکەش بکرێت، کە کۆکراونەتەوە راگەیێنراون لە پۆرتاڵی خزمەت، کە ئەمڕۆ ئەو پۆرتاڵە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی راگەیێنراون و لە ئینتەرنێت دا ھەیە لە ژێر ناونیشانی خۆی. ئەم بەرنامەیە دەبێتە دەستپێکێک بۆ حکومەتێکی ئەلیکترۆنی و گەیاندنی ھەندێک خزمەتگوزاری لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە رۆتین کەم دەکاتەوە و شەفافیەت زیاد دەکات.
ھەر لە چوارچێوەی پرۆگرامی خزمەت پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەریمان کردووە بە شێوازی تۆماری کۆمپانیا لە ھەرێمی کوردستان. پێشتر پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و دەستی ھەبووە کە ئێستا بە دیجیتاڵ کردنی ئەم پرۆسەیە توانیومانە تۆماری کۆمپانیا ببێتە پرۆسەیەک کە بە خێرایی بگەیێندرێت، ئەمەش نەک تەنیا رۆتین کەم دەکاتەوە بەس ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بەھێز کردنی ئابووری ھەرێمی کوردستان. بۆیە ئەمانە بەشێکن لەوچاکسازییانە، بەس کۆتایی نایەت بەو چاکسازییانە. چاکسازی تریشمان ئەنجام داوە، بەھاوکاری چەند وەزارەتێکی دیکە کە ھەم چاکسازین ھەم خزمەتێکی باشتر دەگەیێنن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ھەموومان دەزانین کە نا ھاوسەنگییەک ھەیە لە نێوان ئەو ئیمتیازانەی کە لە کەرتی حکومەتی ھەیە و لەگەڵ ئەو ئیمتیازانەی کە لە کەرتی تایبەت ھەیە، بۆیە بە پەسەند کردنی یاسای کار ئێمە بەشێک لەو ناھاوسەنگییەمان رێکخستووەتەوە، ئەمڕۆ لە ژێر چەتری یاسای کاری نوێی ھەرێمی کوردستان، ئیمتیازێکی زیاتر دەدرێت بەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن و لە ھەمان کاتیشدا مافێکی بەھێزتریان ھەیە، مافیان پارێزراوە. لە پاڵ یاسای کار، ئیشمان کردووە بۆ پەسەندکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی، ئەمەش لە ھەمان کاتدا پاراستنێکی دەبێت بۆ ئەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن، وە لە ھەمان کاتدا ئەو کەسانەی کە لە خوارووی رێژەی ھەژارین.
بە داخەوە لە ھەرێمی کوردستان بینیومانە کە رێژەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادیان کردوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی ئەو دیاردەیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زیاتری داوە بە ئالییەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی دژی ژنان و خێزان.
ھەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پەسەند کردووە. گرنگییەکی زیاترمان داوە و ھێزێکی زتاترمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان، بە پشتیوانی ھێزە ئەمنییەکانمان دادگاکانمان رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی دژی خێزان. ئێمە راستە حکومەتێکی تۆکمەمان پێویستە، حکومەتێکمان پێویستە کە رێنماییەکانی ئاسان بن و جێبەجێ بکرێن و کارا بین و کاریگەر بین، بەڵام ئێمە ھەموومان دەمانەوێت لە کوردستانێک دا بژین کە شانازی پێوە بکەین، بۆیە پاراستنی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لە ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئەولەویەتەکان و ھەموومان کاری لە پێناودا دەکەین. بۆیە دوای سێ ساڵ کارکردن لە کابینەی نۆیەم دەتوانم بڵێم کە ئەنجامی باشمان داوە، لە پێناو خزمەتکردن و لە پێناو چاکسازی، بەڵام زۆر کاریش ماوە کە بکرێت، بۆیە ئێمە لەو ساڵەی کە ماومانە ھەموو ھەولێکی خۆمان سەرف دەکەین بۆ تەواوکردنی ئەو چاکسازییانە و دەستپێکردنی چاکسازی دیکە، کە بتوانین پێکەوە باشتر خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و حکومەتەکەمان کاراتر و باشتر بکەین.