مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، کارمان کردووە لەسەر بەھێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەکان و بەردەوامبوون لە سەر ئەوەی نابێت ھەرێمی کوردستان وەک ھەڕەشە و پێگەیەکی ھێرشکردن بۆ سەر ھیچ وڵاتێک بەکاربھێنرێت.

راشیگەیاند، یەکەمجارە لەم کابینەیەدا چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە چووەتە بواری کردەییەوە.

وتیشی، "بەردەوام بووین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی ھەوڵی تیرۆریستی و دەستگیرکردنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر و گرنگیدان و پشتیوانیکردنی رۆڵی دادگاکان بۆ سزادانی سەرپێچیکاران."

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان: 

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

کوردستانیانی بەڕێز

ئەم کاتەتان باش

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پێویستم زانی ئەم وتەیەتان پێشکەش بکەم و باس لەوە بکەم کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، چیمان کردووە و دەسکەوتەکانی ئەم کابینەیە چی بوون. ھەروەھا باس لە پلان و بەرنامەی داھاتوومان دەکەین .

لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بدەم کە ھەر لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، ھەرێمی کوردستان و جیھان بەگشتی، رووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستی بووەوە کە بڵاوبووبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو ، سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش دەرھاویشتەکانی ھەر ماون. لە ھەمانکاتدا بەداخەوە، حکومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێکی کەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ تەواوکاری مووچە، کە ٢٠٠ ملیار دینار بوو، نەنارد. ھەروەھا چەندین ھەوڵی دەرەکی و ناوخۆییش بۆ پەکخستنی حکومەتەکەتان درا. بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان، توانی لە رێگەی پلان و بەرنامە و چاکسازییەکانیەوە، تاڕاددەیەکی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.

چیمان کرد:

لە بواری دارایی: توانیمان مووچە بە بەردەوامی بدەین ، ئەگەرچی ھەندێک جاریش دواکەوتبێت یان چەند مانگێکی کەم، رێژەی مووچەکە سەد لە سەد نەبوو ، بەڵام مووچە دابەشکردن ھەر بەردەوام بووە بە پێی بودجەی بەردەست.

لەم کابینەیەدا توانیمان قۆناغی سەختی بێ داھاتی، بەبێ قەرزکردن تێپەڕێنین. بۆیە نەک تەنیا ھیچ قەرزێکمان نەکرد و بارگرانیی و بەرپرسیارییەتیمان بۆ نەوەکانی داھاتوو دروست نەکرد، بەڵکو قەرزەکانی حکومەتیشمان کەم کردەوە و لەم ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە.

لە ئەنجامی چاکسازی لە ھەردوو بواری دارایی و کارگێڕی، داھاتی ناوخۆ بە رێژەیەکی بەرچاو و تا ئاستی %١٠٠ زیادی کردووە.

لە رووی بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان ، کارمان بۆ ھەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داھات کردووە :

زۆرترین خەرجی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ لە بواری جادەو رێگەوبان بووە.

ھەروەھا لەم کابینەیەدا بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرھێنان لە بواری کشتوکاڵی، زۆر زیادی کردووە و بە کردەوە ، ھەلی ھەناردەکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی ناوخۆی کوردستانمان بۆ دەرەوە و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی رەخساندووە و دەستیپێکردووە .

ھەروەھا پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی لە بواری دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ئەنجامدراون و ھەندێکیان تەواو بوون و ھەندێکیشیان ئێستا لە جیبەجێکردندان.

کار بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند کراوە.

لە کەرتی کارەباشدا، ژێرخانی کارەبا بە ھێزتر کراوە تا رێگە لە بەفیڕۆدانی کارەبا بگیرێت. ھەروەھا چەندین مێگاواتی تر خراوەتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

لە بواری گواستنەوەی گشتی، ھەنگاوی کردەیی نراون بۆ کاراکردنی گواستنەوەی گشتی و دروستکردنی ھێلی ئاسنین.

لە بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردندا: چاکسازی لە سیستەمی حکومڕانی و بەڕێوەبردن لە ئاستی ھەموو وەزارەتەکان کراوە. لەم رووەوە، زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بەئەلیکترۆنی کراون و ھەنگاوی کردەیی، بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی نراون. داتا سەنتەرێکی ناوەندیمان بۆ حکومەت دامەزراندووە. ھەروەھا سیستەمێکی دیجیتاڵیمان بۆ ئامار و سەرژمێرکردنی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە.

کارمان کردووە بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لە فەرمانگە و دام و دەزگاکانی حکومەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و وگواستنەوەی خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندی پارێزگاکان بۆ ئاستی قەزاکان.

ھەنگاومان ناوە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و بنبڕکردنی و رێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی داھاتی گشتی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات.

لەم کابینەیەدا، ھەماھەنگییەکی تۆکمە و بەھێز لە ناو ئەندامانی کابینە و ئەنجومەنی وەزیران دا ھەیە. زۆرترین کۆبوونەوەی حەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانیش کراوە بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھاووڵاتییان و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت .

ھەروەھا پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا ھەیە و وەزیران و بەرپرسانی حکومەت، زۆرترین سەردانی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمانیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و خستنەڕووی روونکردنەوەی پێویست بۆ پەرلەمانتاران .

لە بواری گرنگیدان بە خوێندن وپەروەردە : جگە لە بەھەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی چەندین قوتابخانە وپەرەپێدان بە خوێندنی ئانلاین و فراوانکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی و خوێندن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە، بۆ باشترکردنی کوالێتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش، )دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا)مان دامەزراندووە .

لە بواری ھۆشیاری کۆمەڵایەتی:

زۆرترین زانیاری و روونکردنەوەمان لە بارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی حکومەت بڵاوکردووەتەوە . ھەروەھا کارمان کردووە بۆ فراوانکردنی مەودای ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین و زەمینەسازکردن بۆ دروستبوونی راگەیاندنێکی بەرپرسیار لە ھەرێمی کوردستان.

بەردەوام بووین لە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان.

ھەوڵی بەردەواممان داوە بۆ نەھێشتنی توندوتیژی و جیاوازی رەگەزی و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت.

گرنگیمان داوە بە بواری ژینگەپارێزی و بەکارھێنانی وزەی سەوز وژینگەدۆست.

*لە بواری بەرگری و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی: یەکەمجارە لەم کابینەیەدا، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە چووەتە بواری کردەییەوە.

بەردەوام بووین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی ھەوڵی تیرۆریستی و دەستگیرکردنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر و گرنگیدان و پشتیوانیکردنی رۆڵی دادگاکان بۆ سزادانی سەرپێچیکاران.

سەردانی مەیدانیمان کردووە بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە بۆ بەھێزگردنی ھێڵەکانی بەرگری لە بەرامبەر تیرۆریستان .

ھەر لەم رۆژانەش ھەڵمەتی راماڵینی چەکی بێ مۆڵەت دەستی پێکردووە .

لە بواری پەیوەندیی لە گەڵ حکومەتی فیدرالی : لە چوارچێوەی سیاسەتمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و پارێزگاریکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانمان، زیاترین ھەوڵمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوە و بەردەوامیش شاندی حکومەتی ھەرێم بۆ گفتوگۆو گەیشتن بە چارەسەرێک لە سەر بنەمای دەستوور ، سەردانی بەغدای کردووە و لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین.

لە بواری دیپلۆماسی وپەیوەندیی نێودەوڵەتیدا : کارمان بۆ پەرەپێدان و بەھێزترکردنی ئەو پەیوەندییانە کردووە و لە سەردانەکانمان بۆ وڵاتانی ھەرێمی و عەرەبی و ئەوروپایی و لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا، ھەڵوێستی ھەرێمی کوردستانمان روونکردووەتەوە و پەیوەندییەکانمان پتەوتر کردووە.

پلان و بەرنامەکانمان بۆ ماوەی داھاتوو ئەمانەن ؟

بەردەوامیدان بە سیاسەتی ھەمەجۆرکردنی ئابووری وسەرچاوەکانی داھات و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ .

زیادکردنی بەنداوەکان و بەردەوامیدان بە کارکردن لە سەر پاراستنی ئاسایشی ئاو.

دامەزراندنی سیستەمێکی ژینگەدۆست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاشاک و زبڵ لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان .

زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا بە بەکارھێنانی وزەی خۆر وگازی بەفیڕۆدراو و ئەو سەرچاوانەی کە نرخی بەرھەمێنانی کارەبا کەم دەکاتەوە.

بەردەوامبوون لە سەر پاڵپشتیکردنی گەنجانی کوردستان بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەی بچووک بە مەبەستی دروستکردنی ھەلی کاری زیاتر.

بەکارخستنی سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکی، بۆ بەھێزکردنی ئاڵۆگۆڕکردنی بازرگانی و جووڵەی بازاڕەکان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.

فراوانکردنی خزمەتگوزاری ناو شارەکان و زیادکردنی رووبەڕووی سەوزایی و تایبەتمەندییە ژینگەییەکان لە شارەکان.

پەرەپێدان و زیاترکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتەکان.

باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە گوندەکان و شارۆچکەکان، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی ئەوێ روو لە شارە گەورەکان نەکەن.

بەھێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەکان و بەردەوامبوون لە سەر ئەوەی نابێت ھەرێمی کوردستان وەک ھەڕەشە و پێگەیەکی ھێرشکردن بۆ سەر ھیچ وڵاتێک بەکاربھێنرێت.

 ئەمانە ئاماژەدانێکی خێرا و کورتەیەکی چەند تەوەرێکی گرنگی دەسکەوتەکان بوون، کە وەزیرە بەڕێزەکان، وردەکاری زیاتری لەمبارەیەوە دەخەنەڕوو.

کوردستانییانی خۆشەویست:

ئێوەی ھاووڵاتییانی کوردستان، سەنتەری گرنگیپێدانی ئەم کابینەیەن و دڵنیابن ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە، خزمەتتان  بکەین و لە ئاست خواست و داخوازییەکانی ئێوەدا بین.