دکتۆر رەھێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە ستۆدیۆی ھەشتی کوردسات نیوز رایگەیاند، لە ئێستادا رێژەی توشبوون بەکۆرۆنا زۆر بەرزە و ھۆکارەکانیشی دەگەرێتەوە بۆ بەکار نەھێنانی ڤاکسین و رەچاونەکردنی خۆپارێزی ھاوڵاتیان.

وتیشی، تائێستا یەکلانەکراوەتەوە کە ئەمە شەپۆلێکی کۆرۆنایە یان دوا جۆری ئۆمیکرۆنە و ھەندێک گۆڕانکاری بەسەردا ھاتبێت، بەڵام نیشانەکانی لەرزوتای توند و داھێزرانی لەشی  کەسی توشبوو و کەمتر کاریگەری لەسەر کۆئەندامی ھەناسە دروستکردووە، بەڵام تائێستا داغلبوونی نەخۆش لە نەخۆشخانەکەن بەشێوەیەکی کەمە و ھیچ نەخۆشێکیش لە چاودێری وورد و چڕ داغڵ نەکراون.

لەبارەی قەدەغەی ھاتوچۆ و رێکارەکان لە رۆژانی جەژنی قورباندا ئاشکرایکرد، ئەگەری داخستنی شوێنە گشتییەکان و قەدەغەکردن لە ئارادا نییە و جەخت لە خۆپارێزی و بەستنی ماسک دەکەنەوە، بەڵام ئەگەر باردۆخەکە بە شێوەزێکی تر بێت ئەوە بە دڵنیاییەوە لە کاتی خۆیدا بڕیار و رێنمایی گونجاوتر دەردەکرێن.

بریکاری وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند، زۆربەری ئەو کەسانی لە ئێستادا توشی کۆرۆنا دەبن ئەوانەن ھیچ دۆزێکی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، بۆیە داوا لە ھاوڵاتیان دەکەن بە زوترین کات ڤاکسین وەربگرن، چونکە ھیچ رێگەیەکی تر نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەک تەنھا خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاکسین نەبێت.