بەغداد قەرەبووی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە
٤ی تەمووزی ٢٠٢٢
تارا ئەنوەر قەرەداغی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی داواکانی موڵکداری ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ھاوڵاتییانەی لە ھەرێمی کوردستان لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراق موڵکەکانیان دەستیان بەسەرداگیراوە و لەلایەن لیژنەی دادوەری دەستەکەیانەوە داوایان پێشکەشکردووە و ئێستاش پلەی کۆتایی وەرگرتووە و قەرەبوودەکرێنەوە، کە ٤٧ کەسن سوودمەند دەبن لە قەرەبووکردنەوەکە.
وتیشی، بە ئامانجی قەرەبوو کردنەوەی ئەو کەسانە بڕی ٥٠١ ملیۆن دینار لە بەغدادەوە گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان و سبەی و دووسبەی پارەکە بەسەر ئەو ھاوڵاتیانە دابەش دەکەن و قەرەبوویان دەکەنەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.