بەھۆی تەقینەوەی غاز لە کافتریای کەستانە لە سلێمانی هەشت کەس برینداربوون
٣ی تەمووزی ٢٠٢٢
رێکان کەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کافتریای کەستانە لە سلێمانی غاز تەقیوەتەوە و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە و کۆنترۆڵیان کردووە.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی رووداوەکەوە هەشت کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە سیانیان کارمەندی بەرگری شارستانی بوون، وتیشی، ٦ لە بریندارەکان چارەسەریان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێھێشتووە، دوو بریندارەکەی دیکەش دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانە جێدەھێڵن.
مانگی ئایاری رابردوش، بەھۆی تەقینەوەی غاز لە کافتریایەک لە شەقامی سالمی سلێمانی، زیاتر لە ١٠ کەس برینداربوون و کافتریاکەش بە تەواوەتی رووخا.