لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان چوار حاڵەتی کۆلێرا تۆمارکرا
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
زانکۆی پزیشکی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، لە نەخۆشخانەکانی شاری مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان چوار نەخۆشی تووشبووی کۆلێرا لە ژێر چاودێریدان و تا ئێستا ١٣ کەس گومانی توشبوونیان بە درمی کۆلێرا لێ دەکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند، کۆی گشتیی تووشبووانیش لە پارێزگای سنە گەیشتوەتە دە کەس و لە شارەکانی مەریوان، سنە، سەقز، بانە و کامیارانی پارێزگای سنەدان.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕاشیگەیاند، تا ئێستا تەنھا پارێزگای سنە توشبووانی ڕاگەیاندوە و پارێزگاکانی دیکە ئاماژەیان بەوەداوە تا ئەم ساتە ھیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە.


