ئەمڕۆ، پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە چالاکیەکدا بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەریان دەستگیرکرد و دەستیان گرت بەسەر بڕی (٣٢) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لەجۆری " کریستاڵ" و تۆمەتبارەکە ڕووبەڕوی یاسا دەکەنەوە .

ئاسایشی سلێمانی ڕوونیکردەوە، لە درێژەی ھەڵمەتەکانی بەگژداچوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و بە فەرمانی دادوەر، لە شەوی ٢٠٢٢/٦/٢٢، لەسەر ڕێگەی سەرەکی نزیک ( گەڕەکی تاسلوجە) لە شاری سلێمانی، پاش کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی وورد، ڕووبەڕوبونەوەی ھێزەکانی ئاسایش لەگەڵ تۆمەتبار و دروستبوونی تەقە، توانیان بازرگانێکی ماددەی ھۆشبەر بەناوی (ھ ، ڕ ، ب)  دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی (٣٢) کیلۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، کە تۆمەتبار لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و ھێناوێتییە ناو شاری سلێمانی و بەنیاز بووە بیبات بۆ شاری ھەولێر، پێش بەئامانج گەیاندنی کارەکەی، دەستگیر کراوە و ماددە ھۆشبەرەکەش دەستی بەسەردا گیراوە.

ئاسایشی سلێمانی داوای لێبوردنی لە ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی بەگشتی و ھاوڵاتیانی "گەڕەکی تاسلوجە" بەتایبەتی کرد، کە لەکاتی چالاکیەکەدا بۆ ماوەیەکی کاتی تەقە دروست بووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند، "ھەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە کە ئێمە وەک ئاسایش ھەمیشە ھەوڵەکانمان بۆ سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی بەردەوامە."