حکومەت داوا لە وەزارەت و بەرپرسان دەکات ھاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن
کوردسات نیوز
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە دیدارەکەی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حکومەتی ڕاسپارد، ھاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان داواشی کرد ئاسانکاری پێویست پێشکەش بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکرێت و زیاتر زانیاری و ڕوونکردنەوە دەربارەی کار وچالاکییەکانی حکومەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی کوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە ڕووی شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە رێکارەکانی روبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەکانی سکچوونی توند و پەتای کۆلێرا کرا و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی دەربارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی خستەڕوو
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت ، دەرەنجامی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین خرایەڕوو. سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ کارکردنیان بۆ دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی کوالێتییەکەی و ڕاشیسپاردن کە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێکارانە بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی ناوخۆ و کۆنترۆلکردنی نرخی سووتەمەنی.