لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری کە رۆژی سێ شەمە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و پرۆسەی دانووستانەکانی پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو کرا و جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکان بە یەک دەنگی و بە پڕۆژەی ھاوبەش بچنە دانووستانەکانی پێکھێنانی حکومەتەوە.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، بە داخەوە لە ڕابردوودا دانووستانەکان زیاتر لەسەر وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات چڕکرابووەوە، بەڵام ئەمجارەیان پرسە سیاسی  و ئابوری و ژینگەییەکان ئەولەوییەتی دانووستانەکانیانە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی حکومڕانی و پرۆسەی ڕیفۆرم لە ھەرێمی کوردستان کرا و جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر ھاوکاری حکومەتی ھەرێم بێت بە تایبەت لەڕووی ڕاوێژکارییەوە و لە بوارە جیاوازەکاندا کەسانی پسپۆڕ بنێرێتە کوردستان.

لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیدان بە بەرھەمھێنانی وزەی پاک کرا لە کوردستان و قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا لەم بارەیەوە ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکات. لە لایەن خۆیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە پرسی ژینگە و سۆلارسیستم لەم دوایانەدا لە کوردستان گرنگی پێ دەدرێت و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی لەم بارەیەوە ھاوکاری حکومەتی ھەرێم بکات.