لە دیدارێکدا ئەندامانی دەستەکە بە وردی کێشە و گرفتەکانی نەخۆشخانەی (ھیوا بۆ تووشبووانی شێرپەنجە)یان بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕوونکردەوە.

لە بارەی کەمی دەرمان، کۆنبوون و لە کارکەوتنی بەشێک لە ئامێرەکانی پشکنینی سەنتەری ژیانەوە، ھاوکات یاداشتێکیان ئاراستەی لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان کرد کە تێیدا وردەکاری سەرجەم کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەکەیان خستبووەڕوو.

پاشان، ئەندامانی دەستەکە داوایانکرد یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٢، یاسای سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان، ھەموار بکرێتەوە، لە ‌پێناو گرنگیدان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.

د. ڕێواز فایەق ڕایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای پشتیوانیکردنی لە تێکڕای داوا ڕەواکانیان، بەڵێنی پێدان کە درێغی ناکات و ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ کۆمەککردن و بەھاناوەچوونی نەخۆشخانەکە، جەختیشی کردەوە کە لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرێت بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەکە.