ئەحمەد موفتی بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بڕە بەنزینێکی زۆریان ڕەوانەی بازاڕەکان کرد ئەوەش وایکرد نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە ٨٠٠ دیناردا جێگیر بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاریانداوە بەنزینی ٦٩٠ دیناری تایبەت بکرێت بە ھۆکانی گواستنەوەی گشتی وەک پاس و تەکسی تاوەکو ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کرێی ھاتوچۆی ھاوڵاتیان بگرن، ڕۆژانەش ٤٠٠ ھەزار لیتر لەو بەنزینە ڕەوانەی سلێمانی دەکەن.

لە بارەی ناڕەزایی شۆفێران لەسەر خراپی کوالیەتی بەنزینی ٨٠٠ دیناری، ئەحمەد موفتی ڕایگەیاند، لیژنەیەکیان پێکھێناوە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەو گرفتە بە یەکجاری چارەسەر دەکەن.