لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایسپاردوون، بۆ گرتنەبەری رێکارەکانی کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە، ھەروەھا پاڵپشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری نەخۆشان دەربڕی.

ئەمڕۆ د. سەباح ھەورامی، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردودا  لەسەنتەری شاری سلێمانی ٦٣٥  حاڵەتی توشبوون بەنەخۆشی سکچون و رشانەوە لەنەخۆشخانەکانی سلێمانی داخڵ کراون، خۆشبەختانە لەنەخۆشخانەکان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوەو زۆرینەیان نەخۆشخانەیان جێ ھێشتووە.

رۆژی ١ شەممەش وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای سکچون و رشانەوە و کۆلێرا راگەیاند و داوای پێکھێنانی لیژنەیەکی باڵای کرد لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەوشەکە و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.