لە چەمچەماڵ سەرجەم ئەو زیادەڕۆییانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی ئاو دەبڕدرێن
کوردسات نیوز
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
بەپێی راگەیەنراوێک، رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ و پۆلیسی شارەوانی کۆبوەتەوەو بڕیاریداوە بەخێرایی کار لەسەر بڕینی زیادەڕۆییەکانی سەر تۆڕەکانی ئاو بکرێت.
باس لەوەشکراوە، لەو ھەڵمەتەدا چاوپۆشی لەھیچ کەسێک ناکرێت جا لەھەر پلەو پۆستێکی حکومی و حزبی و سەربازیدا بێت و سەرجەم ئەو زیادەڕۆییانەی لەلایەن فەرمانگەی ئاوەوە دیاریکراون دەبڕدرێن.
رۆژی ١ شەممە، قائیمقامی چەمچەماڵ بەمەبستی گفتوگۆکردن لەسەر گرفت و ھۆکارەکانی کەم ئاوی چەمچەماڵ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە و قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا بودجەی پێویست تەرخان بکرێت بەمەبەستی دابینکردنی ئاوی زیاتر بۆ سنوری چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە و ناوچەکانی تریش.