دوای جێبەجێکردنی مەرجەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، بانکی ناوەندیی عیراق قۆناغی کۆتایی لابردنی سزای دۆلاری لەسەر ژمارەیەک بانکی ناوخۆیی راگەیاند.
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم رێکار و پێداویستییە تایبەتەکانی بە گەڕانەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەو بانکانە تەواو کردووە کە پێشتر قەدەغەکردنی مامەڵەکردنیان بە دۆلاری ئەمریکی لەسەر بوو لە پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی و دراوە بیانییەکاندا.
ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی بانکەکەدایە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی نەقدی و دارایی و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکەڵبوونی کەرتی بانکیی عیراق لەگەڵ سیستمی دارایی جیهانی.
بانکی ناوەندی جەختیشیکردەوە، دۆسیەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی بۆ گەڕانەوەی قۆناغ بە قۆناغ و رێکخراوی ئەو بانکانە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرجەم مەرجەکانی پابەندبوون بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دارایی تیرۆریان جێبەجێ کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرجەم پێداویستییە تەکنیکی و رێکارییەکان بۆ بەرزکردنەوەی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی تایبەت بە کۆمپانیا تۆمارکراوەکان و بازرگانان تەواو کراون، بە ئامانجی فراوانکردنی خزمەتگوزارییە داراییە دیجیتاڵییەکان و دابینکردنی پێداویستیی بازاڕ.
بانکی ناوەندیی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بە دابینکردنی داواکاری لەسەر دۆلاری ئەمریکی بۆ کەرتی گشتی و تایبەت بەپێی پێوەرە پەسندکراوەکان، بە پشتبەستن بە یەدەگێکی بەهێزی دراوی بیانی و سیاسەتێکی نەقدی کە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی نرخی دینار و سەلامەتی کەناڵە داراییەکانە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.