سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە و بە دووری دەزانن ئەو وڵاتە بتوانێت بگەڕێتەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەشڵێت، موشەکە بالیستییەکانی ئێران بەهێز بوون و ئیسرائیل زیانێکی زۆری پێگەیشت.
سەرۆکی ئەمریکا و ئەمینداری گشتیی ناتۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ناتۆوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە قەبارەی زیانەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو موشەکە بالیستییانەی ئێران بۆ ئیسرائیلی هەڵدا زۆر بەهێز بوون، ئیسرائیل لە شەڕەکەدا زیانێکی زۆری پێگەیشت.
وتیشی، "ئیسرائیل نەیدەتوانی بگاتە ئەو ناوچانەی ئێران، ئەگەر ئێرانمان بۆردومان نەکردایە قبوڵی نەدەکرد بێتەوە سەر مێزی دانوستان".
باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر ئێران بچێتەوە سەر بەنامە ئەتۆمییەکەی جارێکی دیکە بۆردومانی دەکەینەوە، بەهۆی ئەوەی بەسەر بنکەکانیدا هاتووە، باوەڕ ناکەم ئێران بگەرێتەوە سەر ئەو رێژەیەی پیتاندنی یۆرانیۆم".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکرد و ماوەی 12 رۆژی تەواو بە موشەک و فڕۆکەی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەردوولا بۆردومانی یەکیتریان کرد، تاوەکو لە 22ی ئەم مانگەدا و دوای بەشداری ئەمریکا لە شەڕەکەدا، لە رێگەی فڕۆکەی B-2 سەرجەم بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد و دواتر ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتەی راگەیاند.