قوباد تاڵەبانی: دیداری یەکێتی ھەنگاوێکی راستەقینەیە بۆ چاکسازی و نوێبوونەوە
٢٨ی ئایاری ٢٠٢٢
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەربی سکرتایەتی سەرۆک مام جەلال و سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، پێویستە داڕشتنەوەیەکی راستگۆیانە بۆ سیاسەتی حزبەکەمان بکەین بۆ دارشتنەوەی دید و روئیایەکی سەردەمیانە و بۆ گەیاندنی پەیامێکی راستەقینەی نوێبوونەوە و چاکسازی.
وتیشی، دیداری یەکێتی دەبێتە مایەی نزیکتربوونەوەی یەکێتی لەگەڵ جەماوەرەکانی و دەنگدەرەکانی و زۆر جاریش دەبیستین کە دۆخی یەکێتی خراپە، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین دۆخی یەکێتی بەرامەبەر چی خراپە، ئایا حزبێک ھەیە لە کوردستان دۆخی لە یەکێتی باشتر بێت و کێشەی ناخۆیی نەبێت و ئایا یەکێتی دوای چی خراپ بووە و رووبەڕووی چی بووەتەوە لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی رابردوودا و یەکێتی سەرەڕای جیابوونەوەی پۆلێک سەرکردە کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال نەڕوخا و لەسەر پێی خۆی مایەوە.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی بەشێک لە کێشەکانی یەکێتی چارەسەرکران، بەڵام ھەندێک کێشەی ترمان بۆ دروستبوو، ھەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا، بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی روخاندن و شکستی حزبەکەمان و نەیارەکانمان دڵیان بەوە خۆشە ئەمڕۆ یەکێتی دۆخی خراپە، لە کاتێکدا لێکدانەوەکانی رابردوویان ھەڵە بوو یەکێتی ھەر لەسەر پێی خۆی مایەوە، وەکو سەرۆک مام جەلال وتوویەتی "سەفین لە بن بێت یەکێتی لە بن نایەت"، بۆیە ھەر کەسێک پێی وایە یەکێتی لەبەردەم رووخاندایە، ئەوە ئەو رۆژە بە چاوی خۆی نابینێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆچی یەکێتی توانی رووبەڕووی ئەو ھەموو ئاڵنگاریانە بێتەوە و پێگە و سەنگی خۆی بپارێزێت، ئەوەی یەکێتی لە سەرپێی خۆی ھێشتووەتەوە جەماوەر و لایەنگرانییەتی، بەڵام ناێت رازی بین بەو دۆخەی ئێستا یەکێتی تێدایە و دەبێت یەکێتی بەھێزتر بێت لە ئەمڕۆ نزیکتر لە جەماوەرەکەی خۆی، بۆ ئەومەبەستە ئێمە ئەم چەند رۆژە سەرقاڵ دەبین بە دیداری یەکێتی.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی توانیمانە ئارامییەک بگەڕێنینەوە بۆ ناو حزمەکەمان ببین بە خاوەنی روئیا و سیاسەتێکی سەربەخۆی خۆمان، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەنجامی بدەین تەواوکردنی پرۆسەی کۆنگرەی چوارە، کە پیاچوونەوەیەکە بە دید و روئیا و سیاسەت و ستراتیژییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی ئاشکراشیکرد، دیداری یەکێتی ھەنگاوێکی راستەقینەیە بۆ چاکسازی و نوێبوونەوە و داڕشتنی سیاسەتێکی نوێ و سەردەمیانە، ئەگەر بتوانین لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتووبین ئەوا دەتوانین ئاشتبینەوە لەگەڵ جەماوەرەکەمان، خەڵک چاوەڕێییە یەکێتی دەستپێشخەر بێت لە چاکسازی و سەرکردایەتی نوێبوونەوە بکات و داھێنەر بێت لە سیاسەت و پێشەنگ بێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵانی خەڵک، خەڵک رووی لە یەکێتییە، چونکە دەزانن یەکێتییە دەتوانێت چاکسازی ئەنجامبدات و سەرکردایەتی ئەم میللەتە بکات و خەمخۆری راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت و کۆتایی بە بڕیاری تاکڕەوی بھێنێت لە ھەرێمی کوردستان.