سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تا ئێستا ٢ ھەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و ھیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدانیش تۆمار نەکراوە. 

وتیشی، پێویستە کەسانی بە تەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەچنە دەرەوە، دڵنیاییشی دا لەوەی دەرمان و سەرجەم پێداویستییە تەندروستییەکان بەردەستە.

بەھۆی کاریگەری خۆڵبارین، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی عێراق تاقیکردنەوەکان و دەوامی خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگاکانیان بۆ ئەمڕۆ راگرت. لە پارێزگاکانی بەغداد و نەجەف و بابل و دیالە و کەرکوک و واست و دیوانیەش پشووی رەسمی لە فەرمانگە حکومییەکان راگەیەندرا. گەشتی فڕۆکەخانەکانی بەغداد و نەجەفیش بۆ کاتێکی نادیار راگیران. 

تەندروستی کەرکوکیش رایگەیاند، بەھۆی تەنگەنەفەسی، بەیانی ئەمڕۆ ١٣٨ کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران و بەھۆی تێکەڵبوونی ماددەی زیانبەخش بە خۆڵەکە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کۆئەندامی ھەناسە، خۆڵبارینی ئەمجارە مەترسیدارە و پێویستە ھاووڵاتیان خۆیان بپارێزن.