شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رووداوەکەی دوێنێ شەو، کە بەھۆیەوە ھاوڵاتییەک برینداربوو پەیوەندی بە کەیسی سلێمانی ھەڵشۆییەوە ھەیە و ئەو کەسەی بریندابووە پێشتر ئۆتۆمبێلێکی بە مەبەستی خێر داوە بەو کەسەی تەقەی لێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە وتەی ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە تەقەکردنە لە کاتی خۆیدا پارەی ئۆتۆمبێلەکەی پێداوەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە خێرەکەی پێبداتەوە و بەھۆیەوە کێشەکەیان بەردەوامیان ھەبووە تا دوێنێ شەو لە ناو ناحیەی سەنگەسەر بووە بە شەڕیان و فیشەکێکی ناوە بە سەری سکاڵاکارەکەوە.

وتیشی، لە دوای رووداوە بە ماوەیەکی کەم تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و بریندارەکەش لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە.

ئاشکراشیکرد، کەیسی سلێمان ھەڵشۆی لە قۆناغی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەدایە و لەسەرتادا ٨٧ تۆمەتبار لەسەر کەیسەکە دەستگیرکرابوون و ٨٦ کەسیان بە کەفالەتی دارایی ئازادکراون، تەنھا سلێمان ھەڵشۆی ماوەتەوە.

راشیگەیاند، ١٢٠٠ ھاوڵاتی لەسەر کەیسەکەی سلێمان ھەڵشۆی سکاڵای تۆمارکردووە و گوژمەی ئەو پارەی لەلایەن سکاڵاکارانەوە باسدەکرێت کۆی گشتی بە ١٥٠٠ دەفتەر دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە.
وتی، لەبەر رێژەی زۆری سکاڵاکاران و تۆمەتباران و پەیوەندیبوونی بە رێژەیەکی زۆری پارەوە پێویستیان بە کات دەبێت بۆ تەواوکردنی لێکۆڵێنەوە لە کەیسی سلێمان ھەڵشۆیی.