نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاندووە، بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە ڕۆڵی گرنگ و پیرۆزی مامۆستایان و ھەوڵ و کۆششیان بۆ فێرکردن، پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەکانی ئێستا و داھاتووی کوردستان، بەرز دەنرخێنین.

ئاماژی بەوەشکردووە، بەرپرسیاریەتی ئامادەیی و ڕۆڵی پێشەنگانەی مامۆستایان بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی تاک، لە ڕۆژانی سەختی شۆڕش و لە ئێستای ئازادیشدا، مایەی دەستخۆشی و پێزانینە. لە ڕۆژگارە ھەرە سەختەکانیشدا، مامۆستایانی دڵسۆزی کوردستان بەرگەی ھەموو تەحەدییەکانیان گرتووە و لە ئەرکی پیرۆزی پەروەردەکاری و فێرکردن بەردەوام بوون و کۆڵیان نەداوە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، نەوەکانی ئێستا و داھاتوو ئەمانەتی مامۆستایانن، بۆیە مامۆستایان کلیل و بناغەی سەرکەوتنی ھەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوون و ڕۆڵیان لە برەودان بە کولتووری یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی و پێکەوەژیان ھەیە و مامۆستایانی کوردستان شایستەی گوزران و ژیانێکی باشترن، ھەموو پشتگیرییەک بۆ ماف و داواکاری و شایستەکانیان دووپاتدەکاتەوە.