ڕێواز فایەق: پشتیوانی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ مامۆستایان دەکەین
کوردسات نیوز
١٥ی ئایاری ٢٠٢٢
دەقی پایەمەکە :
بەبۆنەی (٦٠) شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان لە سەرۆک، ئەندامانی سکرتاریەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین، ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین، ئومێدەوارین ئەم یادە پڕ شکۆیە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی زیاتری کاری ڕێکخراوەیی یەکێتییەکەتان.
لەم یادە پیرۆزەدا، ڕۆڵ و کاریگەریی مامۆستایان بەرز دەنرخێنین و ستایشی ھەڵوێستی خۆڕاگرانەیان دەکەین کە سەرەڕای ھەموو دۆخە سەختەکانیش، لە بەخشش و درێژەدان بە کاروانی پەروەردە و فێرکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکە پیرۆزەکەیاندا بەردەوامن، ھەڵوێست و قوربانیدانی مامۆستایانیش لە قۆناغە جیاوازەکاندا ھەمیشە لە یادگە و بیرەوەریی خەڵکی کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
پەرلەمانی کوردستانیش پشتیوانیی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ کاری ڕێکخراوەیی دیموکراسییانە و مەدەنییانەتان لەپێناو خزمەتگەیاندنی زیاتر بە مامۆستایانی کوردستان و فەراھەمکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستەتر بۆیان، کە لە ئاست ماندووبوون و قوربانیدانی ئەواندا بێت.
جارێکی تر بەرز و پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، شاد و سەرفرازبن.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٥/١٥