"کەریم عەلی" سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە راگەیەنداوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا بۆ ماوەی ٢٤ سەعات وزەی کارەبا بۆ ھەموو ناوچەکان دابین بکات، لەو رێگەوە ڕێژەی پێدانی کارەبای پارێزگاکان دیاری دەکرێت.

راشیگەیاند، لیژنەی پیشەسازی و وزە ئەو کاتە بە گونجاو نازانین بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە، چونکە لەم کاتەدا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەکارھێنانی کارەبا ڕێژەکەی کەمە و ھاووڵاتیان لە چاو وەرزی زستان و ھاوین زۆر کارەبا بەکارناھێنن و پێشنیازیشیکرد، ئەو تاقیکردنەوەیە بخرێتە مانگەکانی تەمموز و ئاب یان کانونی دووەم و شوبات لە ساڵەکاندا.

روونیشیکردەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەھۆی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانەوە ڕێژەی کارەبای پێویست بە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین نەدراوە و نزیکەی ٣٤% بووە بەڵام پشکی پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک نزیکەی ٦٦% بووە.