مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبای لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکات
١٤ی ئایاری ٢٠٢٢
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
لە یادی ٦٠ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی تەواوی ئەندامان و خێزانی پەروەردەیی دەکەین.
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان وەک فێرگەیەک بۆ گەشەپێدانی پەروەردە و زانست و فێرکردن ڕۆڵی گەورە و پێشڕەوی بینیوە لە گۆشکردن و قووڵکردنەوەی ھزری بەرزی کوردایەتی و پەروەردەی تەندروست و زانستی سەردەمدا.
لەم بارودۆخەی ئێستاشدا، ئەوە لە رێکخراوەکەتان چاوەڕوان دەکەین بەھەمان گیانی بەرزەوە بەردەوام بن لە خزمەتی مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن. ھەروەک پێویستە وەک رێکخراوێکی پیشەیی و مەدەنی نوێنەرایەتی راستەقینەی مامۆستایان بکەن و لەسەنگەر و بەرەی ئەواندابن و لە رێگەی فشاری مەدەنییەوە داخوازی و پێداویستییەکانی مامۆستایان دەستەبەر بکەن، تا لەو رێگەیەوە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن زیاتر بەرەو پێشەوە بەرن.
لە کۆتاییدا سڵاو بۆ گشت ئەو مامۆستایانە دەنێرین کە تەمەنێکیان لە خزمەتکردنی فێرکردن و پەروەردە و زانستدا بینیوە و نەوەیەکی خوێندەواری پێشکەوتوخوازیان پێگەیاندووە.