"سەڵاحەدین دەمیرتاش" ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لەڕێگەی باشاک دەمیرتاشی ھاوسەرییەوە پەیامێکی ئاڕاستەی ڕۆشنبیران و گەلی تورکیا کرد و رایگەیاند، دەبێت گەلی تورکیا لەپێناو دیموکراتییزەکردنی وڵات نەک لەپێناو پارتەکان یان ھاوپەیمانییەکی سیاسیی شانبەشانی یەکتر بوەستنەوە، چونکە ھەڵبژاردنی داھاتوو دەرفەتێکی مێژووییە بۆ تورکیا.

راشیگەیاندوە، زۆر گرنگە رۆشنبیران و گەلی تورکیا لەھەر جێگەیەک بن دەنگیان بەرزبکەنەوە و داوا بکەن ھەموو لایەنەکان بەشداری لە درووستکردنەوەی کۆماری تورکیا لەسەدەی دووەمیدا بکەن، پێویستییەکی کۆمەڵایەتیی گەورەشە بۆئەوەی بەشداری ئەو پڕۆسەیە بکەن بۆ بەردەوامییان لەسەر داواکارییە دیموکراتییەکان.

سەڵاحەدین دەمیرتاش پێشنیاز دەکات رێککەوتننامەیەکی دیموکراتی دابڕێژرێت ‌و سەرۆکی پارتە سیاسیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئیمزای لەسەر بکەن ‌و دەستەیەکی ڕۆشنبیران دروستبکرێت ‌و دواتر کۆنگرەیەک لەژێر ناوی "خەونێکمان ھەیە" رێکبخرێت.