سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، بە ئیمزای وەزیری ناوخۆی ھەرێم داھاتی ھاتوچۆی سلێمانی و ھەڵەبجە و  ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەخرێتە سەر ژمارە بانکییەک لە ھەولێر، ئەوەش ھەوڵێکە بۆ نەھێشتنی داھات لە بەڕێوبەرایەتییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و کەمکردنەوەی داھاتی سلێمانی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، وەزیری ناوخۆ لەگەڵ کۆمپانیایەک گرێبەستێکی ئیمزاکردوە کە دەبێت ٢٠%ی ھەموو داھاتی ساڵانەی تازەکردنەوەی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان بخرێتە سەر ژمارە بانکییەکی تایبەت لە ھەولێر.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەشڵێت، بەپێی گرێبەستەکە تا ١٥ ساڵی تر ھیچ کەس و کۆمپانیایەک ناتوانێت گەراجی پشکنین و توندتۆوڵی لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دابنێت، ئەوەش لەلایەک قۆرغکاریە و لەلایەکیش پیلانێکە بۆ کەمکردنەوەی داھاتی سلێمانی.